ئاب 06, 2017 13:15 Asia/Tehran
  • هیرۆشیما و ناکازاکی تا بە ئەمڕۆ تەنیا شوێنێکن کە چەکوچۆڵی ناڤۆکیان تێدا دەکار هێنراوە.
    هیرۆشیما و ناکازاکی تا بە ئەمڕۆ تەنیا شوێنێکن کە چەکوچۆڵی ناڤۆکیان تێدا دەکار هێنراوە.

بوردمانی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناکازاکی دوو ئۆپەراسیۆنی ئەتۆمی بوون کە لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیدا بە پێێ فەرمانی هەری ترۆمان، سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، لە دژی ئیمپراتووریی ژاپۆن جێبەجێ کرا.

لەم دوو ئۆپەراسیۆنەدا، دوو بومبی ناڤۆکی بۆ لە مەودای 3 ڕۆژ دا خرایە سەر شارەکانی هیرۆشیما و ناکازاکی کە هەر ئەمە کاولکاری و کوشتوبڕێکی هەرە زۆری لێ کەوتەوە. نزیک بە 220 هەزار کەس بە هۆی ئەم دوو بوردمانە ئەتۆمییە گیانی خۆیان لە دەس دا کە زۆبەیان هاووڵاتیانی سڤیل بوون. پتر لە سەد هەزار کەس دەسبەجێ هەر لە کاتی بوردمانەکەدا کوژران و ئەوانی دیکەشیان ساڵانی دواتر بە هۆی شوێنهاتە نەرێنییەکانی تیشکی ڕادیۆ ئەکتیڤ گیانی خۆیان لە دەس دا.
پاش ئەم دوو بوردمانە دەوڵەتی ژاپۆن لە شەڕی جیهانی پاشەکشەی کرد.

ئەم وێنەیە تەنیا سێ کاتژمێر پاش کارەساتەکەی هیرۆشیما لە دانیشتووانی ئەو شارە گیراوە

 

ئۆپەراسیۆنی یەکەم: بوردمانی هیرۆشیما

ئۆپەراسیۆنی یەکەم لە کاتژمێر 8 و 15 خولەکی ڕۆژی 6ی ئووتی 1945 بە کاتی ئەوێ، لە شاری هیرۆشیمادا ڕووی دا.
بومبی ناڤۆکی یەکەم بە ناوی "کوڕە بچووکەکە" لە لایان فڕۆکەیێکی بومب هاوێژی "ئێنۆلا گای" بەردرایەوە سەر هیرۆشیما. بۆ کاولکاری زیاتر، بومبەکە بە شێوەیێک ئامادە کرا بوو کە لە مەودای 576 مەتری سەر ئاستی زەوی بتەقێتەوە.


وزەی وەدیهاتووی ئەم بومبە بەرامبەر بوو لەگەڵ وزەی وەدیهاتوو لە 16 هەزار تەن تی ئێن تی. کاردانەوەی ئەتۆمی لە ناوەندی بومبەکە دا دوای تەقینەوەی نزیک بە چەند ملوێن پلەی سانتیگراد گەرمای ساز کرد. ئەم گەرما هەرە زۆرە هەموو شتێکی لە مەودای یەک و نیو کیلۆمەتری شوێنی تەققینەوەکەی بە تەواوی تواندەوە. ئەو کەسانەی وا لە دوورەوە تەقینەوەی کوڕە بچووکەکەیان لە ئاسمانی هیرۆشیمادا دیتبوو دەیانگوت کە هەتاوێکی دیکەیان لە ئاسماندا دیتووە.

هەموو کاتژمێرەکانی هیرۆشیما لەسەر کاژێر 08:15 واتە کاتی تەقینەوەی بومبەکە وەستا بوون

 

ئۆپەراسیۆنی دووەم: بوردمانی ناکازاکی

دوو ڕۆژ پاش بوردمانی هیرۆشیما و بە پێچەوانەی ویستی ئەمریکا، حکوومەتی سۆڤیەتی پێشوو، دەس پێ کردنی شەڕی لەگەڵ ئیمپراتوریی ژاپۆن ڕاگەیاند و هێزەکانی سوپای سۆڤیەت پەلاماری بنکە و بارەگاکانی ژاپۆنیان دا لە مەنچووریدا. گەیشتنی سۆڤیەت بە بەرەی شەڕ لە ئۆقیانووسی ئارام بووە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی ئەمریکا بڕیار بدات هەر چی خێراتر شەڕەکە بە قازانجی خۆی و بە بێ بەشداری سۆڤیەت کۆتایی پێ بێنێ، لەم پەیوەندییەدا کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە چەکوچۆڵی ناڤۆکی ئاسانترین ڕێگای خستنە ژێر گوشاری ژاپۆن بوو.

بومبی پیاوی قەڵەو کە تەقینەوەی لەسەر ناکازاکی سەدان هەزار کەسی بە دڵتەزێنترین شێوە کوشت

ئامانجی دواتر بۆ بوردمانی ناڤۆکی، شاری کوکورا بوو کە پیشەسازی گەورە و گرینگی سەربازی تێیدا بوو بەڵام کاتێ فڕۆکە بومب هاوێژەکە گەیشتە دەوروبەری ناوچەکە، تەمو مژ هەموو ئاسمانی داگرتبوو و بەوشێوەیە فڕۆکەوانەکە نەیتوانی شوێنی ئاماجی خستنە خوارەوەی بومبەکە بدۆزێتەوە، بۆیە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکە بڕیاری دا کە لە جیاتی هاویشتنی بومبەکە لە زەریا یاخود گەڕانەوەی بۆ بنکەی سەرەکی باشترە لە سەر شاری ناکازاکی بەری بداتەوە کە لەسەر ڕێگای گەڕانەوەی فڕۆکەکە بوو بۆ بنکەی ئاسمانی لە ئۆکیناوا و یەکێک لە ئامانجە کەم بایەخەکانی ئەمریکا بوو لە ژاپۆندا.
بەم چەشنە لە بەرواری 9ی ئووتی 1945ی زایینی، بومبێکی دیکە لە ژێرناوی " پیاوی قەڵەو" واتە (Fat Man) خرایە سەر شاری ناکازاکی.

ئەگەرچی بووردمانی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناکازاکی بە بەجێهێشتنی نزیک بە 250 هەزار کەس کوژراو، سامناکترین کۆمەڵکوژییە لە مێژووی جیهاندا و لە بیر و هۆشی خەڵکی دونیادا ماوەتەوە، بەڵام هەتا ساڵانێکی زۆر هیچ وێنەیێک لەو ڕووداوانە لە بەردەستدا نەبوو.

ستافی بوردمانکاری هیرۆشیما و ناکازاکی پاش کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایان حکوومەتی ئەو کاتەی ئەمریکا سپاس و پێزانینیان پێ بەخشرا

هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا بە داسەپاندنی سانسۆری تووند لەسەر ژاپۆن وشدارییان پێ دابوون پێش بە بڵاو بوونەوەی هەرچەشنە زانیارییەک یان هەواڵێک بگرن.

ساڵوەگەڕی ئەم بوردمانە ئەتۆمییە، مرۆڤ دەخاتەوە بیری کیمیاباران و جینۆسایدی کوردەکان لە دوو شاری هەڵەبجە و سەردەشت لەلایان ڕژێمی بەعسی زاڵ بە سەر ئەو کاتەی ئێراق کە بێگوومان بە بێ پاڵپشتی وڵاتانی پاوانخواز و ملهوڕی وەکوو ئەمریکا، ئەو هەموو کەتن و جینایەتانەی پێ نەدەکرا.

 

سەرپەیڤ