ئاب 13, 2017 14:18 Asia/Tehran
  • بە ئەستۆگرتنی بەرپرسایەتیی تەقینەوەی بۆمبا لە کوەیتەی پاکستان لە لایەن داعشەوە

تاقمی تیرۆریستی داعش بەرپرسایەتیی تەقینەوەی بۆمبا لە شاری کوەیتەی پاکستانی بە ئەستۆ گرت.

بە پێی ڕاپۆرتی فرانس پرێس، لقێکی داعش لە پاکستان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک  بەرپرسایەتیی تەقینەوەی بۆمبا لە شاری کوەیتەی ئەم وڵاتەی بە ئەستۆ گرت کە دەیان کوژراوو برینداری لێ کەوتەوە.

تەقینەوەیەکی قورس شەوی ڕابردوو لە سەر ڕێگای تێپەڕینی ترۆمبیلێکی سوپای پاکستان لە شاری کوەیتە لە ناوەندی ئیالەتی بەلوچستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە ڕووی دا کە لە ئەنجام دا لانیکعم 17 کەس کوژران و 35 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وەک باسی دەکرێت بارودۆخی کۆمەڵێک لە بریندارەکان شپرزەیە و نەخۆشخانەکانی کوەیتەش لە حاڵەتی ئامادە باشی دان. زۆربەی قوربانییەکان بە کوژراوو بریندارەوە خەڵکی سڤیلن.

لەماوەی دوومانگی ڕابردوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەکی زۆر لە شاری کوەیتەی ناوەندی ئیالەتی بەلوچستانی پاکستان ڕوویان داوە کە لە ئەنجام دا سەدان کەس کوژراون و یاخود بریندار بوونە.

کوەیتە لەو شارە ناهێمنانەی پاکستانە کە هەتاکو ئێستا سەدان کەس لە موسڵمانان بە تایبەت شێعەکان لە هێرشی تاقمە تەکفیرییەکان لەوانە جەماعەتی ئەحرارو سوپای سەحابەدا گیانیان لە دەست داوە.