ئه‌یلوول 12, 2017 14:57 Asia/Tehran
  • پەسەن کرانی زیاتر کردنی بایکۆتەکانی دژ بە کۆریای باکوور

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پاش باس و لێکدانەوەی بڕیارنامەی پێشنیاریی ئەمریکا دژ بە کۆریای باکوور، دەنگیان دا بە زیاتر بوونی بایکۆتەکانی دژ بەم وڵاتە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا؛ دوابەدوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی دا بە پەرەسەندنی بایکۆتەکانی دژ بە کۆریای باکوور لەبەر تاقی کردنەوەی مووشەکەکانی و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە، نوێنەری ڕووسیا خوازیاری وتووێژ و دیپلۆماسی لەگەڵ کۆریای باکوور بوو و وشداری دا کە بایەخ نەدان بەم مەسەلە، کۆدەنگیی ئەنجومەنی ئاسایش دەخاتە مەترسییەوە.

ڕووسیا بڕوای وایە کە ڕێگاچارەی گۆڕدرانی باروودۆخی شێوەدوورگەی کۆریا، پێویستی بە دیپلۆماسی و کەم کردنەوەی هێدی هێدی کێشە و ناکۆکییەکانە.

بەم حاڵەوە نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بەوەی کە ئەم بڕیارنامەیە کەرتی گاز و نەساجی کۆریای باکوور دەخاتە بن گوشارەوە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: بایکۆتی زۆر قورس و بێ وێنە داسەپێندراوە بە سەر کۆریای باکوور کە پێش بە هەناردە کرانی نەوت و بەنزین بۆ کۆریایی باکوور دەگرێ و هەروەها ڕێگا لە هەناردە کرانی بەرهەمی نەساجی ئەم وڵاتە بۆ وڵاتانی دیکەیش دەگرێ.