گوترێش: دەبێ بوار خۆش بکرێ بۆ ئەوەی موسڵمانانی میانمار ژیانی ئاسایییان هەبێ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر بە بەردەوام بوونی توند و تیژی دژ بە موسڵمانانی ڕووهینگیایی میانمار، وتی: دەبێ بوار خۆش بکرێ بۆ ئەوەی موسڵمانانی میانمار ژیانی ئاسایییان هەبێ.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "ئانتۆنیۆ گوترێش" شەوی پێنجشەممە وتی: دەبێ موسڵمانانی "ڕاخین"ی میانمار مافی شاروومەندێتیان پێ بدرێ و یان لانیکەم لە باری مافەوانییەوە ئیزنی ئەوەیان پێ بدرێ ژیانێکی ئاسایی بەڕێوە ببەن.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی: کاربەدەستانی میانمار دەبێ خێراتر کۆتایی بێنن بە توند و تیژییەکان و مافی گەڕانەوە بدەن بەو کەسانەی کە ناچار بوونە وڵات بەجێ بێڵن.
بە پێی ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٥ی ئاگوستەوە تا ئێستا کە توند و تیژیی سوپای میانمار و بوداییە توندڕەوەکان دژ بە موسڵمانانی ڕووهینگیا پەرەی سەندووە، نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس لە کەمینەی موسڵمانی ڕووهینگیایی لە ترسی گیانیان پەنایان بردۆتە بەنگلادێش. زیاتر لە شەش هەزار موسڵمانی ڕووهینگیایی کوژراون و ٨ هەزار کەسیشیان بریندار بوونە.