تشرینی یه‌که‌م 11, 2017 22:03 Asia/Tehran
  • بەردەوامی نەیارەتی لەگەڵ بڕیارەکەی ترەمپ لەمەڕ بەرجام

بە نزیکتر بوونەوەی کاتی ڕاگەیاندنی هەڵوێستی دەوڵەتی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران و بەرجام، ڕاوێژ و هەوڵ بۆ پێبەند بوونی واشنتۆن بەم ڕێککەوتنە ناڤۆکییە زیاتر بووەتەوە.

میدیا هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە کە لەوانەیە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە 12 ی ئۆکتۆبەر لە لێدووانێکدا کۆی ستراتژیای حکوومەتەکەی لە بەرامبەر ئێران بێنێتە ئاراوە. سێ ڕۆژ پاش ئەوەش لە 15ی ئۆکتۆبەر دەرفەتی 90 ڕۆژەی پێبەندی ئێران بە بەرجام بە پێی "یاسای لێکدانەوەی ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی ئێران" پەسەند کراوی ساڵی 2015ی کۆنگرێسی ئەمریکا دەگات. زۆربەی بۆچوونەکان باسی ئەوە دەکەن کە سەرباری پشت ڕاست کردنەوەی پێبەندیی ئێران بە بەرجام لەلایان ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی ئەویش بۆ 8 جاران، دەوڵەتی ترەمپ بەنیازە پێبەند نەبوونی ئێران ڕابگەینێت و چارەنووسی بەرجام بەو چەشنە بخاتە ژێر دەستی کۆنگرێسەوە.

 

ئەم بڕیارە ئەگەر بێتوو هەڵوەشانەوەی ڕەوتی هەڵپەسێردرانی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ئێران لە لایان کۆنگرێسی بەدەواوە بێت، دەبێتە هۆی لە نێو چوونی ڕێککەوتنێک کە لەلایان 7 وڵات، یەکیەتی ئەورووپا و ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە پشت ڕاست کراوەتەوە.

واژۆکەرانی بەرجام لە راستەوە بۆ چەپ: جان کەری، فلیپ هێمۆند، محەمەدجەواد زەریف، فدریکا موگرینی، فرانک ڤۆڵتەر شتاین مایەر، لۆران فابیوس و وانگ ئی

لەمپەرنانەوە لە بەردەم ویستی جیهانی لەسەر بەرجام لەلایان ئەمریکاوە، ڕەخنە و گازندەی بەربڵاوی بە دواوە بووە. لەم ڕۆژ و حەفتانەی دواییدا، ئەتوانین بڵێین هەموو وڵاتانی گرینگ و شوێن دانەری جیهان لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە گرینگەکانی جیهان، وشدارییان داوە بە دەوڵەتی ترەمپ لەمەڕ خستنە مەترسیی بەرجام! هەندێکیشیان ئاوەها هەوڵگەلێکیان بە زاڵ کردنی یاسای دارستان لە جیاتی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەم داوە. بڕێکی دیکەشیان، پێشێل کردنی بەرجامیان وەکوو یاری کردن لەگەڵ ئاور زانیوە.

ڕۆژی دووشەممە ئامانۆ بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی جارێکی دیکە پێبەندی ئێرانی بە بەرجام پشت ڕاست کردەوە

زۆربەی وڵاتانی جیهان لەوانە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئەورووپا بە پێی پەیوەندییەکانی پاش بەرجام، دەیان ملیارد دۆڵار سەرمایەدانان و هاوکاری ئابووریان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە. چوونە دەری شیمانەیی ئەمریکا لە بەرجام بە کۆسپ نانەوەکانی ئەمریکا لە سەر ڕێگای بەرێوەچوونی ئەم ڕێککەوتنە، بەرژەوەندیی ئابووری وڵاتانی دیکەی جیهان دەخاتە مەترسییەوە، ئەویش تەنیا بەم هۆوهەگەرەوە کە بەرژەوەندیی نیشتمانی ئەمریکا لەبەرچاو نەگیراوە. هەر بۆیە هەڵوەشانەوەی بەرجام یاخود زەبر وێککەوتنی ، تەنیا هەنگاوێکی دوژمنانە لەلایان ئەمریکاوە لە دژی ئێران نییە، بەڵکوو بە چەشنێک ڕاگەیاندنی شەڕە لە لایان واشنتۆنەوە لە دژی کۆمەڵگای جیهانی و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی زاڵییەتی خوازی ئەمریکییەکان لەسەر نیزامی نیودەوڵەتی.

 

 

 

 

 

 

سەرپەیڤ