کانونی یه‌که‌م 08, 2017 11:55 Asia/Tehran
  • درێژەی کاردانەوەکان لە ئەورووپا بە بڕیاری یەکلایەنەی ترەمپ سەبارەت بە قودسی داگیرکراو

لە درێژەی کاردانەوەکان بە بڕیاری "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە شەرعییەت دان بە قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایۆنی ، ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دیسان ئەم بڕیارەی دایە بەر ڕەخنە و گازندەوە.

بە پێی راپۆرتی کەناڵی هەواڵی "سی ئێن ئێن" "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وتی؛ ئەم بریارەی ترەمپ پلەی واشینگتۆن وەکوو نابژیوانی بە ناوی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەخاتە مەترسییەوە.

"ئانگێلا مێرکیل" سەدری ئەعزمەی ئەڵمانیش خوازیاری پێڕاگەیشتن بە باروودۆخی قودس بە دەست پێ کرانەوەی دانوستانەکان بوو.

"ئێرنا سۆلبێرگ" سەرۆک وەزیرانی نەرویژیش نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر بەو بڕیارەی ترەمپ و وتی: ئەم بریارە هەموو لایەنەکان لە مێزی دانوستان دوور دەخاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی بلاڕووسیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ئەم وڵاتە هیچ پلانێکی نییە بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی خۆی لە تێلاڤیڤەوە بۆ قودس.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی پۆڵندا لە بەیاننامەیەکدا بریاری دەوڵەتی ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تێلاڤیڤەوە بۆ قودسی داگیرکراوی بە پێچەوانەی دانوستانەکانی سازان زانی و وتیشی: پۆڵندا داکۆکی دەکات لەو هەوڵانەی لە پێناو دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادان لە فەلەستین دەدرێت.

"فرانسوا ئۆلاند"ی سەرۆک کۆماری پێشووی فەرانسایش نیگەرانی دەربڕی بەرامبەربەو بریارەی ترەمپ  وڕایگەیاند ئەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئاڵۆز و بشێو بوونی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی پێنجشەممە وێرای نەیارەتیی بەربڵاوی ناوچەیی و جیهانی رایگەیاند: ئەمریکا شەرعییەت دەدات بە قودس وەکوو پێتەختی ئیسراییل.

شاری قودس کە مزگەوتی ئەقسا یەکەم قیبلەی موسڵمانانی تێدایە بەشی جیانەبووە لە خاکی فەلەستین دێتە ئەژمار و یەکێک لە گرینگترینی پیرۆزگە سیانەکانی ئیسلام دێتە ئەژمار و خاوەنی پێگە و گرینگایەتییەکی تایبەتە لای موسڵمانان.

هەنگاوی یەکلایەنە و سەرەڕۆیانەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە شەرعییەت دان بە قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایۆنی ، بۆتە هۆی هەستانەوەی شەپۆلی ئیدانە کردن و ناڕەزایەتی دەربڕین لە جیهانی ئیسلام، عەرەب، ئەورووپا و تەنانەت خودی ئەمریکایش.

 

سەرپەیڤ