کانونی یه‌که‌م 08, 2017 12:22 Asia/Tehran
  • یارمەتیی ٣٠ ملوێن ڤوونی پەرلەمانی کۆریای باشوور بە بومەلەرزەلێدراوانی ڕۆژاوای ئێران

سەرۆک و نوێنەرانی پەرلەمانی کۆریای باشوور لە هەنگاوێکی مرۆڤدۆستانەدا بڕی ٣٠ ملوێن ڤوون (نزیکەی ٢٧ هەزار و ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکا)ـیان پێشکەش کرد بە بومەلەرزەلێدراوانی ڕۆژاوای ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینیی ئیرنا؛ ئەم بڕە پارەیە کە لە هەنگاوێکی مرۆڤدۆستانە و دڵخوازانەدا لە لایەن نوێنەران و سەرۆکی پەرلەمانی کۆریای باشوور بە مەبەستی یارمەتیدانی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی ڕۆژاوای ئێران کۆ کرابوویەوە، لە ڕێ و ڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی "حەسەن تاهریان" باڵیۆزی ئێران لە کۆریای باشوور، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی خاچی  ووری کۆریای باشوور و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی پەرلەمانیی نێوان کۆریا و ئێران لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی کۆریای باشوورەوە خرایە بەردەستی خاچی سووری کۆریا بۆ ئەوەی بدرێ بە ڕێکخراوی هەیڤی سووری کۆماری ئیسلامی ئێران.

بومەلەرزەی ٧.٣ ڕیشتەری شەوی دووشەممە ٢١ی گەڵاڕێزان بەرامبەر بە ١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ پارێزگای کرماشانی هەژاند کە بووە هۆی ئەوەی زەبرێکی قورس لە ٧ شار و زیاتر لە هەزار گوندی ئەم پارێزگەیە بکەوێ.

زیاتر لە ٣١ هەزار ماڵ و خانوبەرە لەم بومەلەرزەیەدا بە تەواوەتی کاول بوون  و یان زەبری قورس و سووکیان لێ کەوتووە. لەم ڕووداوەدا هەروەها ٤٤٤ کەس گیانیان لە دەست دا و ١٢ هەزار و ٣٨٦ کەسیش بریندار بوون.