کانونی یه‌که‌م 08, 2017 14:19 Asia/Tehran
  • بەردەوامی هاتنی ئاوارەکانی ڕووهینگیا بۆ بەنگلادش

کۆمیساریای نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند؛ ئاوارە بوونی ڕووهینگیاییەکان لە میانمارەوە بەرەو بەنگلادش ئێستایش هەر درێژەی هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینیی ئیرنا؛ "کێلی کلیمێنتز" جێگری کۆمیسیۆنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) رایگەیاند: ئاوارەکانی ڕووهینگیا وێرای ئەوەی کە میانمار و بەنگلادش ڕێککەوتننامەیەکیان لە سەر گەڕانەوەی هەزاران ئاوارەی ڕووهینگیایی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆ واژۆ کردووە، بەڵام ئیستایش هەر خەریکن لە میانمارەوە بەرەو بەنگلادش کۆچ دەکەن.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە قەیرانی کۆچبەران لە بەنگلادش بە ڕەوتێکی خێرا خەریکە دەبێ بە قەیرانێکی پەنابەریی لە جیهاندا، وتیشی: باروودۆخ لە پارێزگای ڕاخین (ڕۆژاوای میامار) بە لەونێک نییە کە ئامادە بێ بۆ گەڕانەوەی هێور و پاوەجێی ئاوارەکانی ڕووهینگیا.

لە ٢٥ی ئاگوستەوە تا ئێستا لە شاڵاوی نوێی پەلاماری سەرکوتکارانەی سوپای میانمار دژ بە موسڵمانانی ڕووهینگیا لە پارێزگای ڕاخین، زیاتر لە شەش هەزار کەس کوژراون، هەشت هەزار کەس بریندار بوونە و زیاتر لە هەشسەد هەزار کەسی دیکەیش ناچار بوون هەڵبێن و خۆیان بگەیەننە خاکی بەنگلادش.