کانونی دوھەم 14, 2018 14:12 Asia/Tehran
  • گەمیی نەوتهەڵگری ئێرانی نوقم بوو و ٣٢ فەرمانبەریشی کوژران

ڕێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانیی ئێران، نوقم بوونی تەواوی گەمیی نەوتهەڵگری ئێرانی "سانچی" لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی چینی پشت راست کردەوە و گیان لە دەست دانی ٣٢ ستافی ئەم گەمییەی لە بنەماڵە و کەس و کاری قوربانیان و هەموو ئێرانییەکان سەرەخۆشی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی؛ ڕێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانیی ئێران ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە پەیامێکدا رایگەیاند؛ نەوتکێشی ئێرانیی ئاورتێبەربوو لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی چین ، لە ئاودا نوقم بووە.

"محەممەد راستاد" وتەبێژی لێژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە باروودۆخی گەمیی نەوتهەڵگری ئێرانی و سەرۆکی ڕێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانیی ئێران کە لە شانگهای چیندایە، ڕۆژی یەکشەممە وتی: ئاگرەکەی گەمیی نەوتهەڵگریی سانچی بڵێسەی سەند و هەر لەبەر ئەوەش بە هیچ لەونێ نەدەکرا تەکاوەرە ئێرانییەکان بچنە نێو ئەو گەمییەوە.

ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە ئەو گەمییە ئیتر لە سەر ئاو نەماوەتەوە و خەریکە بە تەواوەتی نوقم دەبێ، ڕاشکاوانە رایگەیاند؛ ئیتر هیچ هیوایەکمان بە زیندوو دۆزینەوەی ٢٩ ستافی دیکەی گەمییەکە نییە.

ڕاستاد وتیشی: بە پێی بەڵگەکانی بەردەست لەوان قسە و لێدوانی ستافی ئەو گەمییەی کە لەو نەوتهەڵگرە ئێرانییەی داوە و هەروەها دوایین زانیارییە وەرگیراوەکان لە گەمییەکانی فریاگوزاری و قسە و بۆچوونی کارناسان، ستافی نەوتهەڵگری سانچی هەر لە یەکەم کاژێرەکاندا بە هۆی توند بوونی تەقینەوە و گازی بڵاو بووە، هەموو گیانیان لە دەست داوە.

شەی یەکشەممەی رابردوو (٦ی ژانڤییە) گەمییەکی باری چینی - هۆنگ کۆنگی لە قەقراخ ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی چین لە گەمییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی کەوت. ئەو ڕووداوە بووە هۆی تەقینەوە و ئاگرکەوتنە لە گەمییە ئێرانییەکەدا. ٣٢ ستافی گەمیی نەوتهەڵگری ئێرانی (٣٠ ئێرانی و ٢ بەنگلادشی) لەو ڕووداوەدا بێ سەر و شوێن بوون.

پێشتر بە هۆی هەوڵی هێزەکانی فریاگوزاری، تەرمی سێ ستافیی ئێرانیی ئەو نەوتهەڵگرە دۆزرابوویەوە.