شوبات 08, 2018 14:42 Asia/Tehran
  • بیت کۆین، دراڤی باوی ئەم ڕۆژانە

دونیای نێت، دەستەواژەیێکە کە لە هەشتاکاندا هاتە نێو ئەدەبیاتی زانستی – خەیاڵی و چالاکوانان و هۆگرانی کۆمپیوتەر، زۆر خێرا دەکاریان هێنا. ئەمڕۆکە گۆڕانکارییەکانی دونیای سیفر و یەک ئەوەندە چووەتە پێش کە خەریکە وەکوو تاپۆیێکی دونیای ڕاستەقینەی ئێمەی لێ دێت.

ئێستا ئەم دونیایە، بۆخۆی، بووەتە خاوەنی سیستەمێکی دراڤیش، دراڤە دیجیتاڵەکان وەکوو بیت کۆین، ماوەیێک تەوەری ڕۆژی جیهانە. بیت کۆین، دراڤێکی دیجیتاڵیە کە بایەخی زۆری وەدەس هێناوە و هەڵبەت ئاگادارییەکی ئەوتۆش لەو بارەوە لەبەردەستدا نییە. گەشەی سەیروسەمەرەی بایەخی بیت کۆین لە ساڵی 2017ی زایینیدا، ئەم دیاردە دیجیتاڵییەی کردە ڕووداوێکی گرینگی ئابووری لەوساڵەدا. ڕەوتی ڕوولە هەڵکشانی بیت کۆین لە 2017 بە تۆمار کردنی نرخی 1000 دۆڵارەوە دەس پێ بوو و ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی خۆی بەردەوام کرد هەتا ئەوەی کە لە کۆتایی ساڵدا، نرخی نزیک بە 20 هەزار دۆڵاریشی بە خۆیەوە بینی. بەڵام گرتنە پێشی سیاسەتی نوێ لەلایان هەندێک لە دەوڵەتەکان، هەڵوێست گرتنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە دراڤییەکان و سەرهەڵدانی خاڵی لاوازی دراڤی دیجیتاڵی، بووە هۆی دابەزینی نرخی بیت کۆین لە دەسپێکی ساڵی 2018ی زایینیدا و جاروباریش تا ئاستی 10 هەزار دۆڵار گەیشتووە. بیت کۆین، یەکەم دراڤی دیجیتاڵییە کە ناوی خۆی لە "بیت" بە مانای ڕادەی کەمترین داتای کۆمپیووتەری و "کۆین" بە مانای دراڤی سککە (بە زمانی ئینگلیزی) وەرگرتووە.

بیت کۆین تۆڕێکی پارە دانی ناپاوەجێیە

بیت کۆین تۆڕێکی پارە دانی ناپاوەجێیە، بەو مانایە کە هیچ کەس یاخود کۆمپانیایێکی تایبەت چاوەدێری ناکات لەسەر ڕەوتی بەرهەمهێنان و گۆڕانی نرخەکانی، لەم هەلومەرجەدا هەرکەس لە دونیای نێتدا، کونترۆڵ و چاوەدێری لەسەر پارەکەی خۆی لە ئەستۆدایە و کار دەکاتە سەر سیستەمی دراڤیی "بیت کۆین". بە واتایێکی دیکە کەسانێک کەوا نەرمئامێری بیت کۆینیان لەسەر مۆبایل یاخود تەبلێتەکەیان هەبێ، لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە بە یەکتر پێوەست دەبن و تۆڕی پارەدانی بیت کۆین پێک دێنن و ئەتوانین بڵێین بە هیچ شێوەیێک ئەم تۆڕە هاک ناکرێت.

دراڤی دیجیتاڵیی بیت کۆین

سیاسەتی وڵاتانی جۆربەجۆر لەهەمبەر وەرگرتنی بیت کۆین جیاوازە. هەندێک لە وڵاتان دانوستان و سات و سەودایان بە بیت کۆین قەدەەغە کردووە و هەندێکی دیکەشیان هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵی ڕێک بخەن بەڵام هیچ پلانێکیان لەو بوارەدا نییە.

ئەتوانین بڵێین بە هیچ شێوەیێک ئەم تۆڕە هاک ناکرێت

زۆربەی وڵاتانی جیهان بیت کۆین بە فەرمی ناناسن یاخود لەبەرامبەریدا بێدەنگن، بۆ نموونە ڕووسیا لەو وڵاتانەیە وا کاربەدەستە باڵاکانی، پاڵپشتییان کردووە لە دەکارهێنانی دراڤی دیجیتاڵ. ئەگەرچی ڕێژەی دانووستان بە بیت کۆین لە چیندا لەسەرێیە، دەوڵەتی ئەو وڵاتە ماوەیێک لەمەو پێش هەندێک خاڵی قەدەغەکراوی لەمەڕ دانووستان بە بیت کۆین ڕاگەیاندووە.

پێدەچێ، بیت کۆین ببێتە پارەی داهاتووی جیهان

هەر ئێستاکە زۆربەی لایەنگرانی بیت کۆین، تاقمێک لە سەرمایەدانەرانن، کە لەقیسپ چوونی بەشێک لە سەرمایەکەیان زەبرێکی وا لە ژیانیان نادات، بەڵام پێدەچێ، بیت کۆین ببێتە پارەی داهاتووی جیهان، ئێستا دەبێ چاوەڕوان بمێنینەوە و بزانین ئایا دراڤی دیجیتاڵی لە هەموو سات و سەوداکان دەبێتە جێگرەوەی پارە باوەکان یاخود پێشوازی لە بیت کۆین ڕووداوێکی کاتی و بۆ خولێکی دیاریکراو دەبێت و دواتر لە گۆڕێدا نامێنێ؟! لەوانەیە کاتێکیش بگات کە لە بازاڕی سەرمایە، شایەتی بەشداری بیت کۆین لەگەڵ شێوازەکانی دیکەی دانی پارە بین تا ئەنجام، بە دابین کردنی ئاسایش و توانایی پێویست و هەروەها ژێرخانە گونجاوەکان بۆ بەڕێوەبردن و دەستەبەر کردنی، پارەی دیجیتاڵەکان وەکوو بیت کۆین، ڕۆژێک ببن بە بژاردەی یەکەم بۆ بازاڕی سەرمایە!

 

سەرپەیڤ