شوبات 14, 2018 18:57 Asia/Tehran
  • سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان: بنیاتنانەوەی عێراق دەبێ ئاشتەوایی نیشتیمانیشی لەگەڵ بێت

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە داهێنانە جۆربەجۆرەکان لە بارەی بنیاتنانەوەی عێراقەوە پێی داگرت:بنیاتنانەوەی عێراق دەبێ هاوڕێی ئاشتەوایی نیشتیمانیش بێت لەو وڵاتەدا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ئانتۆنیۆ گۆتریش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بنیاتنانەوەی عێراق لە کوەیت، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەم وڵاتەی  بە گرینگ نرخاندو بەهرە وەرگرتنی هەمووان لە مافێکی یەکسانی بە پێویست زانی و وتی: دەبێ لە بوارگەلێکی وەک پەروەردەو ئیش و کارنانەوە بۆ لاوان و ئافرەتانی لێقەوماوی دەست تیرۆریزم لە عێراق دا هەوڵ بدرێت و گەشەی ئەم وڵاتە لە هەموو بوارەکاندا بێت.

ئانتۆنیۆ گۆتریش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وێڕای داخوازی لە نوێنەرانی بەشداری کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بنیاتنانەوەی عێراق لە کوەیت بۆ پشتیوانی کردن لەم ڕێکخراوەیە لە بەرامبەر تیرۆریستان وتی: عێراق دەرکەی لە ڕووی ڕووداوە تاڵەکانی ڕابردوو داخستووە و ئەم کۆنفرانسە ئێستاکە بووەتە مایەی هیوا بۆ گەلی چەوساوەی ئەم وڵاتە.

کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بنیاتنانەوەی عێراق لە ڕۆژی دووشەممە 12ی فڤریە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە کوەیت دا بە بەشداریی چالاکانی بانکی، بازرگانان و کاربەدەستانی سیاسیی پتر لە پەنجا وڵاتی جیهان دەستی بەکار کردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی سەرچاوە هەواڵییە جۆربەجۆرەکان، تورکیا بە پێنج ملیارد دۆلار، بانکی جیهانی بە 4.7 ملیارد دۆلار، کوەیت بە دوو ملیارد دۆلار، قەتەر بە ملیاردێک دۆلار، ژاپۆن بە 600 ملوێن دۆلارو یەکێتیی ئەورووپا بە 400 ملوێن دۆلار لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بنیاتنانەوەی عێراق لە کوەیت بەڵێنی سەرمایەنانەوە لەو وڵاتەیان داوە.

 

 

سەرپەیڤ