ئادار 13, 2018 14:26 Asia/Tehran
  • مۆسکۆ: بێتوو ئەمریکا پەلاماری مووشەکی بکاتە سەر سووریا  و گیانی سەربازانی ڕووس بکەوێتە مەترسیەوە، وەڵام دەدەینەوە

ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا لە کاردانەوە بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەمدواییەی ڕۆژاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لەمەڕ ئەوەی پەلاماری مووشەکی دەکاتە سەر دام و دەزگە سەربازی و حکومەییەکانی دەوڵەتی سووریا، جەختی کرد: بێتوو گیانی سەربازانی ڕووس کە لە سووریادا سەقامگیرن بکەوێتە مەترسییەوە، کاردانەوەمان دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی سپۆتنیک؛ ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا بە راگەیاندنی ئەو بابەتە جەختی کرد: هەواڵی زۆر جێبڕوای پێگەیشتووە لەمەەڕ ئەوەی کە سەرهەڵداوانی سووریایی بە هەواهەنگی لەگەڵ ناوەندی بەناو فریاگوزاریی " کڵاوسپییەکان" خەریکە ئامادە دەبن بۆ ئەوەی شانۆیەک وەڕێخەن لەمەڕ ئەوەی وەبەر پەلاماری شیمیایی سوپای سووریا کەوتوون تا ببێتە بیانوویەک بۆ پەلاماری سەربازیی شیمانەیی ئەمریکا.

ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند: بێتوو گیانی هێزەکانی ڕووسیا بە هۆی پەلاماری مووشەکی بۆ سەر دیمەشق بکەوێتە مەترسییەوە، هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا وەڵام دەدەنەوە. بە دۆزرانەوەی تاقیگەیەکی بەرهەم هێنەری مادەی شیمیایی لە گوندی "عەفریتس" لە غوتەی ڕۆژهەڵات کە ئەمدواییە لە ژێر چنگی تیرۆریسیتان ڕزگار کرا، بانگەشەکانی ئێمە سەلمێندراوە.

کاربەدەستانی ئەمریکایی لەوان "دۆناڵد ترەمپ"ی  سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام جەختیان کردووە بێتوو دەرکەوێ پەلاماری شیمیایی سووریا دژ بە نەیارانی ئەم وڵاتە راست بووە، پەلاماری مووشەکی دەکەنە سەر دام و دەزگە سەربازی و مەدەنییەکانی سووریا لەوان بینا و باڵاخانە حکومەتییەکان لە دیمەشق.