May 17, 2018 10:46 Asia/Tehran
  • یەکدەنگیی ٢٨ وڵاتی ئەورووپایی بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران

سەرۆکانی بیست و هەشت وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی چوارشەم لەمیانەی کۆبوونەوەیەک لە سوفیەی پێتەختی بولگاریا یەکدەنگ و یەکبیرو ڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێکەوە داکۆکی لە رزگارکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بکەن کە ساڵی ٢٠١٥ لە ڤییەنا واژۆو مۆر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ ژیدەرێکی ئەورووپایی ڕایگەیاند: بیست و هەشت وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا ستراتژییەکی یەکگرتوویان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گرتۆتە بەر.

"دۆناڵد توسک" Donald Tuskی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپایش بە ئاماژە بەوەی کە هەڵس و کەوتی "دۆناڵد ترەمپ" هەوەسبازانە و پێشبینی نەکراوە وتی: دوابەدوای چوونەدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وڵاتانی ئەورووپایی پێویستیان بە بەرپەرچ دانەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو بڕیارە هەیە.

"دۆناڵد توسک" هیوای خواست: تا ئەو کاتەی کە ئێران پێبەند ماوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، جارێکی دیکە ڕێبەرانی وڵاتانی ئەورووپایی پێبەند و بەڵێنمەند بوونیان بەو ڕێککەوتنە پشت راست بکەنەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپا هەروەها وتی: ئەورووپاییەکان دەبێ سپاسبژێری ترەمپ بن، لە سایەی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە، ئەورووپا پەردەی خەون و خولیاکانی لە پێش چاوی هەڵدایەوە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە دووپات کردنەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی دژ بە ئێران، چوونەدەری واشینگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی بایکۆتە ئەتۆمییەکانی دژ بە ئێران لە ماوەی سێ تا شەش مانگی داهاتوویی ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ