حوزه‌یران 15, 2018 03:47 Asia/Tehran
  • وەزیری دەروەی ئەمریکا : سزاکانی سەر پیۆنگ یانگ بەردەوام دەبن،

مایک پەمپیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: ھەتا بەتەواوی چەکە ناڤۆکییەکانی لەنێو نەچن، سزای سەر پیۆنگ یانگ وەک خۆی دەمێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند: سزا توندەکانی سەر کۆریای باکور بەردەوام دەبن تاوەکو بەتەواوەتی دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی دەبێت.

مایک پەمپیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشور و وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە سیئۆل ئاشکرای کرد: ھەڵوێستی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەمان سەبارەت بە نەهێشتنی چەکی ناڤۆکی و لابردنی سزاکان زۆر ڕوون بووە .

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێ چەکی ناڤۆکی بەتەواوی لە کۆریای باکوور نەمێنێ ، ئەمە ئەو کاتەیە کە کەم کردنەوەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دەست پێ دەکات .

ئەو لێدوانەی مایک پەمپیۆ لەکاتێکدایە کە دوانزەی ئەم مانگە داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کیم جۆن ئونی ڕێبەری کۆریای باکووری لە سەنگاپور کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ و کیم لە راگەیەندراوێکدا جەختیان لە پابەندبوونی کۆریای باکور کردەوە بۆ کارکردن بەرەو ئاڕاستەی نەهێشتنی تەواوەتی چەکی ناڤۆکی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا. ھەر بە پێی ئەم ڕێککەوتنە هاوکات لە بەرامبەردا ئەمەریکا واز لە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ کۆریای باشوردا دەهێنێت و لە ھەموو ڕوویەکەوە  پیۆنگ یانگ دڵنیا دەکاتەوە. دیداری مێژوویی ڕێبەرانی دوو کۆنە دووژمن واژۆی ڕێککەوتننامەیەکی لێ کەوتووەتەوە کە تیای دا ئەمریکا بەڵێنی دەستەبەر کردنی ئاسایشتی بە کۆریای باکووری داوە.

بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتننامەیە ، داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکووری بەڵێنمەند بوون بە دامەزراندنی پەیوەندییەکی تازە بە پێی خواستی جەماوەری ھەردووک وڵات لە ئاراستەی ئاشتی و تەناھی دا.

ئەمریکا و کۆریای باکوور لە ماوەی نزیکەی حەفتا ساڵی ڕابردوودا و پاش شەڕی کۆریا لەنێوان ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٥٣تا ئیستا دوژمنی قەسای قەسی  یەکتر بوونە.

 کۆبوونەوەکەی سەنگاپوور لە نێوان "داناڵد ترەمپ و کیم جونگ ئون"  سەرکردەکانی ئەمریکاو کۆریای باکووری لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە "داناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا خاوەنی کەسایەتییەکی پێشبینی نەکراوو سەرسەرییەو لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا وڵاتەکەی لە چەندین ڕێککەوتن و پەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوەی یەک لایەنە  و بە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کشاوەتەوە کە نموونەی زەق و بەرچاوی وازھێنانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی نێوان ئێران  و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمان) بوو.

کارناسان و شرۆڤەکارانی پرسە نێودەوڵەتییەکان بڕوایان وایە کە لەبەر کەسایەتیی نائاسایی و سەرسەرییانەی "داناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەگەری زۆرە لەم دانوستانانەدا هەر شتێک ڕوو بدات و تەنانەت بە کشانەوەی پێشبینی نەکراوی یەکێک لە دوو لایەنەی  کۆبوونەوەکان، دانوستانەکە بەرەوڕووی شکست بێتەوە.