ته‌مووز 12, 2018 13:56 Asia/Tehran
  • گەڵاڵەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا سەبارەت بە کەم کردنەوەی بڵێسەی شەڕی بازرگانیی ترەمپ

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ گەڵاڵەیەکی پەسەن کرد کە دانرانی نرخی گومرکی بازرگانیی نوێ لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە مەرجدار دەکات بە پشت ڕاست کرانەوەی لەلایەن کۆنگرێسەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا؛ ئەم گەڵاڵەیە کە بە ٨٨ دەنگی ئەرێنی بەرامبەر بە ١١ دەنگی نەرێنی پەسەن کرا، هەنگاوی دەسپێکە بۆ دانرانی یاسایەک کە دیاری کردنی  نرخی گومرکیی بازرگانیی نوێ لە سەر کەل و پەلی هاوردە لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکا مەرجدار دەکات بەوەی کە لە لایەن کۆنگرێسی ئەم وڵاتەوە پشتڕاست بکرێتەوە.

هەرچەن ئەو گەڵاڵەی پەسەن کراوەیەوە جێبەجی کردنی پێویست نییە، بەڵام سناتۆرەکانی داڕێژەری ڕایانگەیاندووە کە ئەو گەڵاڵەیە خاڵی دەسپێکێک دەبێ بۆ پەسەن کرانی یاسایەک لەم بوارەدا کە جێبەجێکردنی پێویست بێ.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٨ـەوە بە دیاری کردنی نرخی گومرکی نوێ لە سەر کەل و پەلی هاوردە لە وڵاتانی دیکەوە ، شەڕێکی بازرگانیی بە بیانووی دابین کردنی ئاسایشی نیشتمانی دەست پێ کردووە.

ترەمپ لە یەکەم هەنگاودا ئاستی نرخی گومرکی لە سەر هاوردەی پۆڵا و ئالومنیۆمی بەڕیز ٢٥% و ١٠% بەرز کردەوە کە ئەوەش بووە هۆی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی توندی چین وەکوو خەنیمی بازرگانیی ئەمریکا و هەروەها هاوپەیمانانی بازرگانیی واشینگتۆن لە ئەورووپا و بەژی ئەمریکا.

ئەو وڵاتانەی بە هۆی ئەو نرخە گومرکییە نوێیانەوە زەبریان لێ کەوت دەستیان کردە بڵاو کردنەوەی لسیتێک لەو کەل و پەلەی لە ئەمریکاوە هاوردەی دەکەن و ئاستی نرخی گومرکی لە سەر ئەو کەل و  پەلە ئەمریکاییانەیان بەرزتر کردەوە.