ترەمپ گۆی زەویی ئاوەدان کردووەتەوەو بە تەمای بۆشایی ئاسمانەکانە
پێشنیاری ترەمپ بۆ پێکھاتنی ھێزێکی تایبەت بۆ پاراستنی گۆی زەوی لە شاڵاوی بوونەوەرانی گەردوونی.
داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە هێزێکی سەربازیی تایبەت بە بۆشایی ئاسمان پێکبهێندرێت و باوەڕەیشی وایە کە ئەو ھێزە ئاسمانییە ھیچ سنوورو بەرتەسکییەکی نابێت.
دەوڵەتی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەوڵی ئەوەدایە لقی شەشەمی سوپای وڵاتەکەی پێکبهێندرێت، کە ئەویش بریتییە لە هێزێکی سەربازیی ئەمریکی کە ئەرکەکەی لە بۆشایی ئاسماندا دەبێت.
داناڵد ترەمپ لە ھەژماری توییتەرەکەی دا وەک «هێزێکی ئاسمانیی بێسنوور» باسی ئەو ھێزەی کردووە کە گوایە بەنیازە بۆ دەست گرتن بە سەر ئاسمانەکاندا دایمەزرێنێ.
ترمپ ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش بەرلە بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گەردوونیی ئەمریکادا ڕایگەیاند بوو: نابێ تەنیا بە ئامادە بوون لە گەردوون دا بەسەندە بکەین بەڵکوئەمریکا دەبێ دەستەڵاتی بەسەرئاسمانەکان و گەردوونیش دا ھەبێت.
لای خۆیەوە مایک پێنس جێگری سەرۆک کۆماری ئەمهریکاش بۆ پینەوپەڕۆ کردنی ئەو کەڵکەڵەو خەیاڵەی سەرۆکی ئەمریکا کە دیارە سەرچاوەکەی فیلیمە خەیاڵییەکانی ھۆلیڤوودن، رایگەیاندووە: نەوەی داهاتووی ئەمهریکیییەکان، لە بۆشایی ئاسماندا و بە پۆشاکی سەربازیی ئەمهریکییەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەکان دەبنەوە، پێنس داواشی لە کۆنگرێس کردووە، پەلە بکات لە پێکهێنانی ئەو هێزەو تەرخان دانی بەشەپارەی پێویستیش بۆ ئەو داھێنانە تازەیە. ئەو پێشنیارەی دەوڵەتی ترەمپ، لە حاڵی ئێستادا کۆنگرێسی ئەمریکای بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، بەشێکیان پشتیوانیی بیرۆکەکە دەکەن، بەڵام بەشەکەی تریان لەو باوەڕەدان کە پێکهێنانی هێزی لەو جۆرە پێویست نییە.