ئاب 11, 2018 09:54 Asia/Tehran
  • دانیشتنی بێکەڵکی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی تاوانی کوشتاری قوتابیانی یەمەنی

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، بێ ئیدانەکردنی تاوانی هاوپەیمانیی سەعوودیا لە کوشت وبڕی قوتابیانی یەمەنی، تەنیا خوازیاری ئەنجامگرتنی لێکۆلێنەوەی شەفاف لەوبارەوە بوو.

ئەنجومەنی ئاسایش رۆژی هەینی دانیشتنێکی لەبارەی پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودیا بۆسەر پاسی هەڵگری قوتابیانی یەمەنی لە سەعدە بەڕێوە بردو سەرەنجام بێ بڵاوکردنەوەی بەیاننامە لەمەڕ ئیدانەکردنی ئەو تاوانە دژە مرۆییە، تەنیا نیگەرانی خۆی لە هێرش بۆسەر سەعدەو پەلامارەکانی ئەم دواییەی سەر ناوچەکانی دیکەی یەمەن ڕاگەیاند.

بەواتایەک، ئەنجومەنی ئاسایش لەهاوڕێتی کردنی بەریتانیاو ئەمریکا لەگەڵ دەسدرێژکارانی سەعوودی، خەمساردانە لەتەنیشت تاوانکاریی هاوپەیمانی دەسدرێژکاریی سەعوودی لەسەعدەی یەمەن تێپەڕی.

فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودیا شەوی پێنج شەممە پەلاماری پاسێکی هەڵگری قوتابیانی یەمەنیان دا لە شاری "ضیحان"ی سەربە پارێزگای سەعدە کە بەهۆیەوە پەنجاو پێنج کەس کوژران و نزیک بەهەشتا کەسیش بریندار بوون.

"یان ئێگلەند" سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ناحکومیی ناسراو بە "ئەنجومەنی پەناخوازانی نەرویژ"، لەکاردانەوە بەتاوانی کوشت و بڕی قوتابیانی یەمەنی وتی: سامناک، جێی شەرمەزاری و بێ بەزەییانەیە، کردنەئامانجی پاسی هەڵگری منداڵانی بێتاوان بەمانای بن پێ خستنی یاساوڕێسا جەنگییەکانە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: مۆسکۆ خوازیاری لێکۆڵینەوەی بەرفراوان و بەوردیی لەبارەی پەلامارەکانی ئەم دواییەی سەر یەمەنە کە کوژرانی دەیان کەسی سیڤیلی لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا پێی داگرت: ئەوانەی بەرپرسی کوژرانی کەسانی بێتاوانن ، دەبێ سزابدرێن و لە ناوەندە دادەوانییەکان دادگەیی بکرێن.

سەرپەیڤ