تشرینی یه‌که‌م 11, 2018 11:20 Asia/Tehran
  • ڕاوێژی ڕووسیاو ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا شەوی پێنج شەممە ڕایگەیاند: سێرگێئی ڕیابکۆف یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە گەڵ ماسیمۆ ئاپارۆ یاریدەری بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە مۆسکۆدا چاویان بە یەکتر کەوت و لە بارەی بابەتگەلێکی گرینگی نێو بەرنامەی کاری ناوەندەکە لەوانە ڕێککەوتنی بەرجام وتووێژیان کردو بیروڕایان گۆڕییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ڕیابکۆف و ئاپارۆ لەم دیدارەدا لە سەر پێویستیی پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی پێیان داگرت.

ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ھەتاکو ئێستا لە ١٢ ڕاپۆرت دا پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامی پشتڕاست کردووەتەوە.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مای ٢٠١٨ کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

کشانەوە ترەمپ لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانساو ئەڵمانیاو یەکێتیی ئەورووپا وەک لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە ڕاشکاوی جەختیان کردووە کە لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە لاگری و پشتیوانی دەکەن.

ھەرلەم ئاراستەیەدا ئێران و ئەورووپا لەماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە زنجیرە وتووێژێکیان بە مەبەستی پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دوای کشانەوەی ئەمریکا لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە دەست پێ کردووە. ئەوروپا لە ڕەوتی ئەم دانوستانانە بەڵێنمەند بووە کە ھەگبەیەکی پشتگرانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و بۆ بەرپەرچ دانەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران بخاتە بەر دەستی تاران.