تشرینی یه‌که‌م 14, 2018 08:33 Asia/Tehran
  • یەڵدیریم: دۆلار تەنیا هاوپەیمانی ئەمریکایە/ واشینگتۆن ناتوانێ فەلەستین تیابەرێ

سەرۆک پەرلەمانی تورکیا ڕۆژی شەممە "دۆلار"ی بە تەنیا هاوپەیمانی ئەمریکا لە جیهاندا هێنایە ئەژمار و ڕاشکاوانە رایگەیاند ؛ ئێستاکە واشینگتۆن پەنای بۆ تەنیا هاوپەیمانەکەی بردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر؛ "بنعەلی یەلدیریم" لە کۆبوونەوەی هەواهەنگیی یەکێتیی نێوان پەرلەمانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ژێنێڤی سویس ڕایگەیاند کە ئەمریکا پەنای بردووە بۆ دۆلار وەکوو تەنیا چەکی دەستی خۆی.

ئەمریکا بەسراوە بوونی کۆمپانیاکان، بانکەکان و سیستەمە دراوی و فاینەنسە نێودەوڵەتییەکان بە دۆلاری کردووە بە ئامرازێک بۆ ناچار کردنی وڵاتانی جیهان بە پەیڕەوی لە داخوازەکانی واشینگتۆن؛ ستراتژییەک کە بەرەوڕووی ڕەخنەی بەربڵاوی نێودەوڵەتی بۆتەوە.

سەرۆک پەرلەمانی تورکیا هەروەها ئاماژەی کردە مەسەلەی فەلەستین و وتی: ئەمریکا توانای ئەوەی نییە بە داخستنی هەموو ڕێگاکانی یارمەتیدانی فەلەستین، ئەم وڵاتە تیابەرێ.

ئەمریکا لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا بە کردەوەی جۆر بەجۆر لەوان راگرتنی یارمەتییەکانی بە ئاژانسی فریاگوزاری و دیتنەوەی کارو  پیشە بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان ناسراو بە "ئانڕوا"  و هەروەها بڕینی یارمەتیی ٢٠٠ ملوێن دۆلاری بە کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژاوای چۆمی ئەردەن، هەوڵێکی بەربڵاوی دەست پێ کردووە بۆ وەبن گوشاری زیاتر نانی گەلی فەلەستین.

ئەو کردەوانە، بەشێک لە سیاسەتەکانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە بۆ وەبن گوشار نانی فەلەستینییەکان و ناچار کردنیان بە ڕازی بوون بەرامبەر بە گەڵاڵەی ناسراو بە "سەودای سەدە".