کانونی یه‌که‌م 05, 2018 10:36 Asia/Tehran
  • سێناتۆری ئەمریکی: ترەمپ دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام

سێناتۆری دیموکراتی ویلایەتی ماساچۆسێتی ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە کشانەوەی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی بەرجامی بە نابەرپرسانە زانی و داوای گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ بەرجامی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئێلیزابێت وارن  Elizabeth Warren وێڕای ئاماژە کردن بە پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام وتی: داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە، چونکو بەرجام بۆ پارێزرانی سەقام و پاوەجێیی جیھان پێویستە. 

٥٣ کەس لە کاربەدەستانی پێشووی ئاسایشتی، سیاسی و سەربازیی ئەمریکاش لەم دواییەدا لە بەیاننامەیەک دا خوازیاری گەڕانەوەی وڵاتەکەیان بۆ ڕێککەوتنی بەرجام ببوون.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە پێنجەمی نوامبەرەوە بەشێوەی فەرمیانە چووە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.