کانونی یه‌که‌م 07, 2018 09:36 Asia/Tehran
  • ڕێکخراوی نەتەوەکان دەنگی نەدا بە پێشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا دژ بە حەماس

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە کۆبوونەوەی ئێوارەی پێنجشەممەی خۆیدا، ٨٦ دەنگی ئەرێنی، ٥٨ دەنگی نەرێنی و ٣٣ دەنگی بێ لایەنی دا بە پێشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی ئەمریکا دژ بە حەماس (بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین).

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ پێشنووسی ئەم بڕیارنامەیە دەبێ سێ دووی دەنگەکانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واتە لانیکەم ٩٩ دەنگی بە دەست هێنابایە و ئەوە شکستێکی دیکە بوو بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی.

دەوڵەتی ئەمریکا بەنیاز بوو لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پێشنووسی بڕیارنامەیەک پەسەن بکات کە بە پێی ئەوە کردەوە کانی حەماس دژ بە زایۆنییەکان ئیدانە بکات.

پەسەن نەکرانی پێشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا دژ بە حەماس لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی سەلماند کە یەکلایەنەخوازی و داکۆکیی هەمەلایەنەی واشینگتۆن لە زایۆنییەکان ناتوانێ پێش بە لەقاودرانی جەنایەتەکانی ڕژێمی ئیسراییل دژ بە فەلەستینییەکان بگرێ.