کانونی یه‌که‌م 12, 2018 10:18 Asia/Tehran
  • ترەمپ : پشتی بن سەلمان چۆڵ ناکەم

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی چوارشەممە پێی داگرت: سەرباری ڕەخنەو توانجی توندوتیژی نێونەتەوەیی دژی پاشمیری عەرەبستان لە سەر ڕووداوی کوژرانی جەمال خاشقچی، ھەمیسان ھەر پشتگری لە موحەممەدی کوڕی سەلمان دەکات.

کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەمریکا بە تایبەت ترەمپ لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە لە ھەل و مەرجێکدا کە عەرەبستان لە بەر پەلاماردانی یەمەن و کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری عەرەبستانیی  نەیاری ئالی سەعود لەگەڵ شەپۆلی ڕەخنەو توانج دا بەرەوڕووە، لە سەعودییەکان پشتگری و بەرەڤانی دەکەن.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سێ شەممە بیستی نوامبەر لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند کە ئەمریکا وەک ھاوبەشێکی عەرەبستان دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر پاشمیرەکەی سەعودییەش ئاگای لە پیلانی کوشتنی خاشقچی بووبێت.

ترەمپ لە بەیاننامەیەک دا ھەروەھا ڕێری لە بازرگانی و سات و سەودای چەکەمەنیانەی سەعودی لەگەڵ ئەمریکادا گرت و جەختی کرد: ئەمریکا لە سەر فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە عەرەبستان بەردەوام دەبێت.

دەوڵەتی ئەمریکا ھەتاکوو ئێستا خۆی لە قەرەی ئیدانەکردنی ڕیاز لە بەر دۆسیەی خاشقچی نەداوەو ھەوڵیشی داوە ھەتا گرێبەستە زۆروزەبەنە سەربازییەکانی لەگەڵ ڕیاز بپارێزێت.

لەم پەیوەندییەدا ڕۆژنامەی واشێنگتۆن پۆستیش لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە: واشێنگتۆن و ڕیاز ھەوڵی ئەوە دەدەن کە کوژرانی خاشقچی بە جۆرێک لێک بدەنەوە کە ڕۆڵ و دەست ھەبوونی موحەممەدی کوڕی سەلمان تیای دا ون ببێت.

جەماڵ خاشقچی ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن کراو دواتر ھەواڵی کوژرانی بە شێوەی فەرمیانە لە لایەن دەوڵەتی ڕیازەوە دانی پیادانرا.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوای ڕوون بوونەوەو وەڵامدانەوەی ڕاشکاوانەی ڕیازی کردووە لەم پەیوەندییەدا. ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەییش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی کوژرانی خاشقچی ڕایگەیاند: کوژرانی جەمال خاشقچی بەم واتایەیە کە ڕەخنەگران تەنانەت لە دەرەوەی عەرەبستانیش لە ئەماندا نین.

ڕژێمی سەعودی ڕۆژی ھەینی ١٩ی ئۆکتۆبەر دوای ١٨ ڕۆژ بێ دەنگە لێکردن و بەدرۆ خستنەوە سەرەنجام لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای جیھانی دا ئەوەی پشتراست کردەوە کە خاشقچی لە کونسولخانەی ئەم وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیادا کوژراوە.

ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و ھەر لە بەر ئەمەش لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستاندا دەژیا.