کانونی یه‌که‌م 13, 2018 18:46 Asia/Tehran
  • گۆتریش : خولی دواتری دانوستانەکانی یەمەن ژانویە بەڕێوە دەچێت

ئانتۆنیۆ گۆتریش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاند:خولی دواتری دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتی لەکارکشاوەی یەمەن و ئەنساروڵڵا ژانویەی داھاتوو بەڕێوە دەچێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا بە گێڕانەوە لە سکای نیوز،ئانتۆنیۆ گۆتریش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆتایی دانیشتنەکانی سویید کە بە تەوەرەی یەمەنەوە بەرپا کرا ، ڕایگەیاند:خولی دواتری دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتی لەکارکشاوەی یەمەن و شاندەکەی ئەنساروڵڵا لە مانگی ژانویەی داھاتوو بەڕێوە دەچێت.

ناوبراو وتیشی : ڕێککەوتنێک لە سەر کەم کرانەوەی ئاڵۆزی و گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بە شاری تەعز و گۆڕینەوەی دیلەکان کراوە. یەمەن گیرۆدەی قەیرانی مرۆڤە و چارەنووسی داھاتووی ئەم وڵاتە لە دەستی دوو لایەنی دانوستانکارە. ڕێکخراوەی نەتەوەکان یارمەتیی ھەوڵی دابەشکردنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە لەم وڵاتەدا دەدات.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وتیشی: ڕێککەوتنێکیش لە سەر بەندەری حودەیدە کراوە کە ئەنجامەکەی چۆڵ کرانی ئەم شارە لە لایەن ھەردووک لایەنی تێکھەڵچووە و لە سەرتاسەری ئەو پارێزگایەدا ئاگربڕ ڕادەگەیەندرێت.

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی لەکارکشاوەی یەمەن و سەرۆکی شاندەکەی ئەنساروڵڵا لە دانوستانەکانی سوییددا پێکەوە تەوقەیان کرد.