کانونی دوھەم 09, 2019 19:04 Asia/Tehran
  • ترێزا مێی: بیست ونۆی مارس لە یەکێتی ئوروپا دەچینەدەر

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ وێڕای ڕەت کردنەوەی دواخرانی برگزیت، پێی داگرت، وڵاتەکەی بیست ونۆی مارس لە یەکێتی ئوروپا دەکشێتەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، ترێزا مێی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە وتی کە وڵاتەکەی رۆژی بیست و نۆی مارس(نۆی خاکەلێوەی١٣٩٨) لە یەکێتی ئورپا دەچێتەدەر.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی رۆیتەرز، سەرۆک وەزیرانی ئینگلیز جارێکی دیکە دواکەوتنی چوونەدەری وڵاتەکەی لە یەکێتی ئوروپا(برگزیت)ی ڕەت کردەوە.

دوێنێ سێ شەممە رۆژنامەی ئینگلیزیی"تلێگراف" بەگێڕانەوە لە سێ سەرچاوەی ئوروپایی کە ناویان لەقاونەدرا، نووسیبووی، بەرپرسانی ئوروپایی خەریکی تاووتوێی چۆنیەتی درێژکرانەوەی خولی زەمانیی جێ بەجێ کرانی ماددەی پەنجای پەیمانی لیسبۆنن. بەم حاڵەوە، "ستێفەن بارکلی" وەزیری برگزیتی ئەو وڵاتە پێی داگرت، لەندەن هەروا بەنیازە هەتا لەکاتی دیاریکراودا لە یەکێتی ئوروپا بچێتەدەر و ئەسڵەن لەهەوڵی درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتە نییە.

بەپێی یاساوڕێسای یەکێتی ئوروپا، دووساڵ پاش کاراکرانی ماددەی پەنجای پەیماننامەی لیسبۆن، بەریتانیا دەبێ لە یەکێتی ئوروپا بچێتەدەر، بەڵام بێتوو ئەندامانی یەکێتی ئوروپا ڕێککەون، ئەو بەروارە دەتوانێ بگۆڕدرێ و دوامۆڵەتی برگزیت دوابکەوێ.