کانونی دوھەم 11, 2019 13:09 Asia/Tehran
  • توڕە بوونی کارمەندانی ئەمریکی لە بەردەوامیی نسکۆی دەوڵەت

بە تێپەڕینی سێ حەوتە لە نسکۆی دەوڵەتی ئەمریکا، سەدان کارمەندی وێڕای ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بەو ھەنگاوەی ترەمپ لە واشێنگتۆن دا دەستیان دایە خۆپیشاندان.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز، سەدان کەس لە کارمەندانی دەوڵەتیی ئەمریکا کە بێ موچە ماونەتەوە، بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە بەردەوامیی نسکۆی دەوڵەتی ئەم وڵاتە، ڕۆژی پێنج شەممە بە دروشمی « ئێمە نامانەوێ کار بکەین» بەرەو کۆشکی سپی دەستیان دایە ڕێپێوان.

لە ھەل و مەرجێکدا کە نسکۆی دەوڵەتی ئەمریکا خەریکە بیستەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕ دەکات، کارمەندە بێ موچەکان بە دەروشمگەلێکی وەک « ترەمپ کۆتایی بەم نسکۆیە بێنە»،« دەوڵەت چالاک کەرەوە»و ھەروەھا« بھێڵە با کارەکەم بکەم» دژی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان ناڕەزامەندییان دەربڕیوە.

نزیکەی ٨٠٠ ھەزار کەس لە کارمەندانی دەوڵەتی فیدراڵ لە بەر داخرانی دەوڵەت بەبێ موچە ماونەتەوەو ناچارن یان لە ماڵ دا بمێننەوەو یان بەبێ موچە کارەکانیان بەردەوام کەن.

پێکھەڵشاخانی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەم وڵاتە لە سەر بوجەی شوورەی سنووری بووە ھۆی ئەوەی کە دەوڵەت سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٠ی دیسامبەر دابخرێت.

دروستکرانی شوورەی ناوبڕ لە سنووری ئەمریکا لەگەڵ مەکسیک لەو دروشمانەی ھەڵبژاردنی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ بووە کە ئێستاکە بۆ ڕاپەڕاندنی داوای پێنج ملیاردو حەوتسەد ملوێن دۆلار بوجە دەکات.

بە خۆبواردنی دیموکراتەکان لە دابین کردنی ئەم بوجەیە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ھەر گەڵاڵەیەک کە ئەو پارە داواکراوەی تیادا نەبێت، ڤیتۆی دەکات.

ترەمپ ھەروەھا ڕایگەیاندووە کە ھەتا ئەو کاتەی کە بوجەی شوورەی سنووری دابین نەکرێت، نسکۆی دەوڵەت بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر چەندین مانگ و ساڵێیش بخایەنێت.

بڕیار وا بوو ترەمپ لە دیدار لەگەڵ ڕێبەرانی دیموکراتی کۆنگرێس بۆ کۆتایی ھێنان بە نسکۆی دەوڵەتەکەی ڕێک کەوێت، بەڵام وا دیارە ناکۆکیی نێوان دیموکراتەکان و سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەوە قوڵترە کە بە کۆبوونەوەیەک بشێ چارەسەر بکرێت.

سەرپەیڤ