کانونی دوھەم 16, 2019 14:01 Asia/Tehran
  • گیرانی پێشکەشکارێکی پرێس تی ڤی لە ئەمریکا

پۆلیسی ئەمریکا خانمە پێشکەشکارێکی کەناڵی پرێس تی ڤی (کەناڵی ئینگلیزی زمانی سەر بە ناوەندی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران)ی کە بۆ سەردانی بنەماڵەی لە ئەمریکادایە بە بێ هیچ چەشنە تۆمەتێک قۆڵبەست کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی تەلەڤزیۆنی پرێس تی ڤی؛ خاتوو "مەرزییە هاشمی" بێژەر و پێشکەشکاری ئەم کەناڵە لە ڕەوشێکی تەواو نالەباردا لە بەندیخانەیەکی واشینگتۆن دی سی ڕاگیردراوە.

دەگوترێ فەرمانبەرانی پۆلیسی ئەمریکا پاش گرتنی ئەم ژنە موسڵمانە، باڵاپۆشەکەیان لابردووە و جل و بەرگێکیان لەبەر کردووە کە داپۆشراو  و شیاو نییە.

مەرزییە هاشمی لە تەنیا پێوەندییەکی تەلەفوونیدا کە لەگەڵ بنەماڵەی هەیبووە وتوویەتی کە زیندانوانەکان دەست و لاقیان کۆت و زنجیر کردووە و  گۆشتی بەرازیان پێ داوە؛ بەڵام ئەو لەبەر خۆبواردنی لە خواردنی گۆشتی بەراز، بە برسی ماوەتەوە.

پرێس تی ڤی ڕاپۆرتی داوە کە مەرزییە هاشمی کە بە ڕەگەز ئەمریکاییە لە سەفەرە جۆربەجۆرەکانی بۆ ئەمریکا بەردەوام ناڕازیی بووە لە هەڵس و کەوتی نالەبار و ناشیاوی فەرمانبەرانی پۆلیس بەتایبەت لە فڕۆکەخانەی ئەمریکا، بەڵام تا ئێستا بەم لەونە قۆڵبەست نەکرابوو.

کاربەدەستانی پۆلیس و دەزگەی دادەوانیی ئەمریکا وێڕای تێپەڕ بوونی سێ ڕۆژ لە گیرانی مەرزییە هاشمی هیچ تۆمەتێکیان دژ بەو رانەگەیاندووە و تەنانەت بە خۆشیان نەوتووە کە لەبەرچی لە بەند کراوە.