شوبات 17, 2019 11:30 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئەڵمان: پێویستمان بە وتووێژی بنیاتنەر لە گەڵ ئێرانە

"هایکۆ ماس" وەزیری دەرەوەی ئەڵمان لە دیداری "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە مونیخ وتی: ئێمە پێویستمان بە وتووێژێکی بنیاتنەر لەگەڵ ئێران هەیە بۆ ئەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیران لە سووریا و یەمەن بدۆزینەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمان شەوی یەکشەممە لە تویتەردا بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە وتیشی: تا ئەو کاتەی کە ئێران پێبەند بمێنێتەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەرلینیش پێبەند دەمێنێەوە بەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە.

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمان و ئێران ڕۆژی شەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمنیی مونیخ پێکەوە دیداریان کرد.

"هایکۆ ماس" و "زەریف" لەو دیدارەدا سەبارەت بە پێوەندیی دوولایەنە، ڕێککەوتنی ئەتۆمی، مێکانیزمی کۆریدۆری دراویی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران و گرینگترین پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەوان قەیرانی یەمەن، سووریا و ئەفغانستان بیر و ڕایان گۆڕییەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو یەکێک لە وڵاتانی کاریگەری ناوچە بەردەوام هەوڵی داوە بۆ دیتنەوەی ڕێگاچارەی سیاسی بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

پێداگریی وەزیری دەرەوەی ئەڵمان لە سەر هەڵوێستی داکۆکیکارانەی بەرلین بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، تەنیا چەن کاژێر پاش وتاردانی "مایک پێنس" جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئاسایشی مونیخ بوو.

"پێنس" لە کۆبوونەوەی مونیخ داوای لە ئەورووپاییەکان کردبوو هەر وەک ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بێنە دەرەوە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی  سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک )ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، بە شێوەی یەکلایەنە لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە چووە دەرەوە و ڕایگەیاند کە بایکۆتە ئەتۆمییەکان سەر لە نوێ بە سەر ئێران دادەسەپێندرێنەوە. هەنگاوێک کە بەرەو ڕووی نەیارەتیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکا بوویەوە.