ئادار 17, 2019 11:31 Asia/Tehran
  • ژماری قوربانیانی پەلاماری  تیرۆریستیی نیوزیلەند گەیشتە ٥٠ کەس

پۆلیسی نیوزیلەند سەر لە بەیانی یەکشەممە (بە کاتی خۆجێی) باسی زۆر بوونی ژماری قوربانیانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی کرد کە ڕۆژی هەینی کرایە سەر دوو مزگەوت لە شاری "کرایست چێرچ"ی ئەم وڵاتە و وڕایگەیاند ڕێژە و ئاماری قوربانیانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە لە ٤٩ کوژراوی ڕۆژی جەنایەتەکە گەیشتۆتە ٥٠ کوژراو.

تیرۆریستانی چەکدار نیوەڕۆی هەینی بە چوونە نێو دوو مزگەوتی "لینڤوود" و ئەنوور" لە شاری "کرایست چێرچ"ی نیوزیلەند تەقەیان لە نوێژخوێنان کرد.

ئەو دوو پەلامارە پلان بۆ دارێژراوە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لەو دوو مزگەوتە ڕووی دا.

کاربەدەستانی نیوزیلەند پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لەو جەنایەتە تۆقێنەرەدا ، ٤٩ نوێژخوێن کوژراون و ٥٠ کەسی دیکەیش بریندار بوون.

زۆربەی قوربانیان بە دەستی تیرۆریستێک بە ناوی "برێنتۆن تارێنت" Brenton Tarrant کوژراون کە بڕوای بە بانتر بوونی ڕەگەزی سپی هەیە و بێزارە لە کۆچبەران. ناوبراو خەڵکی ئۆسترالیایە.

پۆلیسی نیوزیلەند تا ئێستا ٤ کەسی لە پێوەندی لەگەل ئەو جەنایەتە تۆقێنەرە قۆڵبەست کردووە.

تا ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان ئەو جەنایەتە دڕندانەیان ئیدانە کردووە.

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆ ژی هەینی داوای لە دەوڵەتی نیوزیلەند کرد بە ناس کردنی خێرای هۆکارانی ئەو کردەوە ڕەگەز پەرستانەیە، بە بەجێ هێنانی دادوەری و بەدوور لە هەرچەشنە هەڵاواردن لەگەڵ هۆکارانی ئەو جەنایەتە بجوڵێتەوە.