May 16, 2019 19:15 Asia/Tehran
  • وەندی شرمەن: ئەورووپا دەبێ باجی پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام  بدات

دانوستانکاری باڵای ئەمریکا لە وتووێژە ناڤۆکییەکانی ساڵی ٢٠١٥ی تاقمی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێران، وڵاتانی ئەورووپیی ئاگادار کردەوە کە بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە مەترسیی بایکۆت کران لە لایەن ئەمریکاش قەبووڵ کەن.

«وەندی شێرمەن_Wendy Sherman» ڕۆژی چوارشەممە لە ڕۆژنامەی ئەمریکیی  نیۆیۆرک تایمز نووسی: وڵاتانی ئەورووپی دەبێ باجی پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام بدەن.

ئەم دیپلۆماتەی پێشووی ئەمریکا نووسیویەتی: یەکێک لە ڕێگاکانی یارمەتی دانی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی لەگەڵ ئێران ئەمەیە کە کۆنگرێسی ئەمریکی بانگێشتنی وەزیرانی دەرەوەو بەرەڤانیی سێ وڵاتی ئەورووپیی فەرانساو ئاڵمانیاو بریتانیا بکات ھەتا بە ئامادە بوونیان لە کۆنگرێس ئەوە ڕوون کەنەوە کە بۆچی پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام بە قازانجی ھەموو لایەکە.

«وەندی شێرمەن_Wendy Sherman» لەو باوەڕەدایە کە ئەگەر بێتوو ئەو کاربەدەستە ئەورووپییانە لە کۆنگرێسی ئەورووپا ئامادە ببن، ئەمریکییەکان لەوە تێ دەگەن کە دەوڵەتی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە لە ئاستی جیھاندا تەریک خراوەتەوە.

دانوستانکاری باڵای ئەمریکا لە وتووێژە ناڤۆکییەکانی ساڵی ٢٠١٥ی تاقمی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێران، جەختی کردووە: دەوڵەتی ترەمپ ھەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بێتوو گەڵاڵەی « ئێنیستێکس» جێبەجێ بکرێت، ئەورووپا بایکۆت دەکات، بەڵام بە ڕای من پێشگرتن بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان تاراو واشێنگتۆن ئەوە دەھێنێ.

«مایک پۆمپێئۆ» وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم دواییەدا سەردانی برۆکسێڵی کردووە و سەرباری ئەوەی کە کاربەدەستانی ئەورووپی بە ساردی لەگەڵی دا جوڵانەوە، کەچی ھەڕەشەی کرد کە ئەگەر وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران سات و سەودای ئابوورییان ھەبێت، بایکۆت دەکرێن. 

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  بە دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران ، بە شێوەیەکی یەک لایەنە وێڕای پێشێلکردنی ئەرکەکانی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی بەرجام دا لەم پەیمانە نێونەتەوەییە کشایەوەو گەڕانەوەی بایکۆتەکانی دژی ئێرانی ڕاگەیاند

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێرانیش لەم دواییەدا لە بەیاننامەیەک دا ڕوو لە وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام جەختی کرد: ئێران لە ئاراستەی پاراستنی ئاسایشت و بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ھەروەھا مسۆگەر کردنی ئەو مافانەی خۆی کەلە بڕگەکانی ٢٦ و ٣٦ی بەرجام دا باسی کراوە،کۆمەڵێک لە ئەرکەکانی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دا ھەڵدەپەسێرێت.

 

 

سەرپەیڤ