ته‌مووز 19, 2019 19:03 Asia/Tehran
  • رەخنەو گازندەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانەی ترامپ

دۆناڵد ترامپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەجاران هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانەی لەهەمبەر ڕەنگین پێستان و کۆچبەران گرتووەتەبەرو تەنانەت لەبارەی ڕامیارکارانی کۆچبەری پێست ڕەنگی یان بەڕەگەز لاتین وێڕای سەرکۆنەکردنی هەڵوێستەکانیان، خوازیاری گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان بووە.

ئەو سیاسەتەی ترامپ، بووە بەهۆی هەڵوێست گرتنی ڕەخنەگرانەی بەرپرسی باڵای مافی مرۆیی ڕێکخراوی نەتەوەکان. "میشل باشلت"ی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان وتی کە چوار پەرلەمانتاری ژنی دیموکراتی کۆنگرێسی ئەمریکا کە لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە رەخنەیان لێگیراوە، مرۆڤ گەلێکی زۆر باشن. هەڵبەت کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە ئاخۆ لێدوانەکانی ترامپ ڕوو لەو چوار پەرلەمانتارە، بە ڕەگەزپەرستانە دەزانێ یان نا.

دوو حەوتە لەمەوبەر تاقمێک لە ژنانی نوێنەری دیموکراتی ئەندامی کۆنگرە پاش سەردانی سنوری ئەمریکاو مەکسیک لە یەکێک لە لێژنەکانی کۆنگرێس لەدژ سیاسەتی کۆچبەریی ترامپ شایەتیان دا. ئەو بابەتە بوو بەهۆی تووڕەیی ترامپ و ناوبراو لە توئیتەکانی ئەوانی دایە بەرپەلامار و خوازیاری گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان بوو. ترامپ رۆژی یەکشەممە١٤ی ژوولای چەند توئیتی لەدژ تاقمێک لە نوێنەرانی ژنی "پێشڕەو" لەپارتی دیموکرات نارد. ترامپ بێ ناوبردن، ڕوو لەوان نووسی: "بگەڕێنەوە وڵاتەکانتان" و وڵاتانی "تێوەگلاو لەتاوان"ی خۆتان چاک بکەنەوە. "ئیلهان عومەر" یەک لەو پەرلەمانتارانە، لەکاردانەوە بەو توئیتە، بیری سەرۆک کۆماری ئەمریکای خستەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنیا وڵاتە کە تێیدا ئەندامانی کۆنگرە سوێند دەخۆن. ئیلهان عومەر نووسی: لەبەر ئەوەیە کە ئێمە بۆ پاراستنی وڵات لە خرابترین، گەندەڵترین و نالێهاتووترین سەرۆک کۆماران کە تابەئێستا شایەتیان بووین، دەجەنگین. لەو چوار ژنەی کە توئیتەکانی ترامپ ڕووی لەوان بوو، تەنیا ئیلهان عومەر نوێنەری ویلایەتی مینەسوتا کۆچبەری خەڵکی سۆماڵ و ئێستا شارومەندی ئەمریکایە. سێ نوێنەرەکەی دیکە لەدایکبووی ئەمریکان. "ئایانا پریسلی" نوێنەری ماساچۆسێت، لەدایکبووی سینسیناتی ئۆهایۆ، "ئەلەکساندریا ئۆکازیۆ کۆرتز" لەدایکبوو و نوێنەری بەشێک لە شاری نیۆیۆرک و"ڕەشیدە تالب" لە ئەیالەتی میشیگان، لەدایکبووی شاری دیترۆیتە.

ئەنجومەنی  نوێنەرانی ئەمریکاش کە لەدەست زۆرینەی دیموکراتدایە، شەوی سێ شەممە ١٦ی ژوولای لە بڕیارنامەیەکدا توئیتەکانی ترامپ لەدژ چوار ژنی ئەندامی کۆنگرە ئیدانەکرد و ئەو لێدوانانەی ناوبراوی بە "رەگەزپەرستانە"ناوبرد. ئەو بڕیارناە بە٢٤٠ دەنگی ئەرێ لەهەمبەر١٨٧دەنگی نا پەسەند کرا. ئەو بڕیارنامە "ڕوانگەی ڕەگەزپەرستانەی سەرۆک کۆماری دۆناڵد ترامپ کە ترس و نەفرەتی ئەمریکییە نوێ و ڕەنگین پێستەکانی شەرعییەت پێداو بوو بەهۆی تاوسەندنی"، بەتوندی ئیدانە دەکا.

بەم حاڵەوە، ترامپ سەرباری بڕیارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها ئەو ڕەخنەوگازندانەی لەناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا بەدیهێناوە، جارێکی دیکە وێڕای پاسادانی لیدوانەکانی و ناساندنی ئیلهان عومەر وەک کەسێک کە نەفرەتی هەیە لە ئەمریکا ، هەم دیس داوای لەناوبراو کرد کە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی. ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لەکاتێکدا کە بۆ وتاردان لەگردبوونەوەیەکی هەڵبژاردنیی لەنیو هەوادارانی لە کارۆلینای باکوری ئامادەببوو، بەڕەخنەگرتن لە پێشینەو لێدوانگەلی پێشووی ئیلهان عومەر، ناوبراوی بە کەسێکی دژە یەهود ناساند.

نانسی پلوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری بە هەڵاواردنانە لێکدایەوە کە بەئامانجی "کەلێن دروست کردن لە وڵات" داو پشت ڕاست کردنەوەی دووبارەی ئەوەی کە دروشمی "گەڕاندنەوەی مەزنایەتی بۆ ئەمریکا" هەردەم "سپی کردنی دووبارەی ئەمریکا" بووە، ڕاگەیێندراوە.

ترامپ بەلەبەرچاوگرتنی هەڵوێست گرتن وکردەکانی، بەکردەوە گرووپگەلی ڕەگەزپەرست و ڕاست خوازی توندڕەو هان دەداو لەهەمان کاتدا ناوبراو خۆدەبوێرێ لە ڕەخنەو ئاماژەی ئاشکرا لەبارەی خولیای ڕەگەزپەرستانەو دژە کۆچبەرانەی ئەوان.

ترامپ لەساڵی٢٠١٧یش خۆی بوارد لە ئیدانەکردنی ئاشکرای کردەی تاوانکارانەی ڕەگەزپەرستانی سپی پێست لە شاری "شارلۆتزویل"ی ئەیالەتی ویرجینیا واتە کوژرانی ژنێکی نەیاری ڕەگەزپەرستی کە ئەوەش ڕەخنەوگازندەی زۆر لەناوبراوی لێکەوتەوە.

 ترامپ لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیدا بەهێنانەئارای لێدوان و کردەکانی ، ڕەگەزپەرستی و ڕاست خوازیی توندڕەوانە بەتایبەت دژایەتی کردنی ئیسلامی پەرەپێداوەو بەکردەوە توندوتیژیی لەدژ کۆچبەران وموسڵمانانی برەوپێداوە.

سەرپەیڤ