ئاب 08, 2019 09:30 Asia/Tehran
  • خۆپیشاندانی دژی ترەمپ لە شاری دەیتۆن

هاوکات لەگەڵ سەردانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ یەکێک لەو شارانەی کە لەم دواییەدا تەقەی تیادا کرا، سەدان کەسی ناڕازی دژی داناڵد ترەمپ دەستیان دایە خۆپیشاندان.

بە پێی ڕاپۆرتی شەوی پێنج شەممەی ئیرنا، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕەوتی سەردانەکەی بۆ شاری «دەیتۆن»ی سەربە ئەیالەتی« ئۆهایۆ» لەگەڵ خۆپیشاندانی جەماوەری توڕەدا بەرەوڕوو بووەوە.

«دەیتۆن» و«ئێل پاسۆ» لە ئیالەتی تەگزاس ڕۆژانی شەممەو یەکشەممەی ڕابردوو گۆڕەپانی تەقەیەکی خوێناوی بوون. تەقە کردن لەم دوو شارە 31 کوژراوو دەیان برینداری لێ کەوتەوە.

ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ دەیتۆن چاوی بە هێزەکانی فریاگوزار، برینداران و بنەماڤەی قوربانییەکان کەوت، بەڵام ناڕازییان بە خڕ بوونەوە لە بەردەم نەخۆشخانەی دەیتۆن دژی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەستیان دایە خۆپیشاندان و داوای داسەپاندنی بەرتەسکی بۆ هەڤگرتنی چەکیان کرد.

ناڕازییان داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکایان بەوە تۆمەتبار کردووە کە  لەبەر دەمهەراشیی ڕەگەزپەرستانەی، ڕادەی توندوتیژیی چەکدارانەو ئاڵۆزیی ڕەگەزی و سیایی لە ئەمریکادا پەرە پێ داوە.

با ئەوەش بوترێت کە لە ساڵێکدا هەزاران کەس لە ئەنجامی تەقەکردن لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکا دەکوژرێن و یان بریندار دەبن. بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، نزیکەی 270 هەتا 300 ملوێن چەکی گەرم لە ئەمریکادا هەیە، واتە نزیکەی هەرکەسەو چەکێکی لەم وڵاتەدا بەردەکەوێت.

سەرباری داخوازیی تاقمە جۆربەجۆرەکانی لایەنگرو پارێزەری مافی شارومەندی لە ئەمریکا بۆ بەرتەسکی نواندن لەم بارەیەوە، کەچی لە بەر دەستەڵاتی لۆبیی چەک و چۆڵ هەتا ئێستا هیچکام لە دەوڵەتەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە یاسایەک لە بارەی بەرتەسک کردنەوەی فرۆشتنی چەک لەم وڵاتەدا دابنێن.

هەڵبەت داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا لەو لایەنگرە سەرەکیانەی چەک فرۆشانی ئەمریکی دێتە ئەژمار.

 

سەرپەیڤ