ئاب 14, 2019 11:26 Asia/Tehran
  • ترەمپ: ئەگەر پێویست بکات لە ڕێکخراوەی بازرگانیی جیھانی دەکشێینەوە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە ھەڕەشەی کرد، ئەگەر بێتوو ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە پەیوەندییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانیی جیھانی لەگەڵ ئەمریکا چاوەڕوانی دەکات نەیەتە دی، وڵاتەکەی لەم ڕێکخراوەیە دەکشێنێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بانگەشەی کرد کە ڕێکخراوەی بازرگانیی جیھانی خەریکی کەڵکاژۆییە لە ئەمریکا.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتیشی:  ئەگەر پێویست بکات واشێنگتۆن لە ڕێکخراوەی بازرگانیی جیھانی دەکشێتەوە.

داناڵد ترەمپ پێشتریش بانگەشەی ئەوەی کرد بوو کە گوایە ڕێکخراوەی بازرگانیی جیھانی کەڵکاژۆیی لە ئەمریکا کردووە.

دەوڵەتی داناڵد ترەمپ ھەتاکو ئێستا لە زۆرێک لە پەیمان و ڕێککەوتنە دوو لایەنەو چەند لایەنەو نێونەتەوەییەکان لەوانە ڕێکخراوەی فێرکاری _زانستی و کلتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان«یۆنیسکۆ»، ڕێککەوتنی گۆڕانی کەش و ھەوای پاریس، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام  و پەیمانی قەدەغەی موشەکی ناڤۆکیی نێوانبڕی « ئای، ئێن، ئێف» کشاوەتەوە.

«ڕیچارد ھاس» سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەمریکا لەم دواییەدا ڕایگەیاند کە سیاسەتی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بناعەکەی لە سەر بنەمای «دکتۆرینی کشانەوە» لە ڕێکخراوەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان ھەڵچنراوە.

ئەم ھەنگاوە یەک لایەنانەی ترەمپ بەردەوام لە لایەن کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و کۆمەڵگای جیھانییەوە ڕەخنەی لێگیراوە.