ئاب 25, 2019 09:21 Asia/Tehran
  • کۆشکی ئێلیزە: مەکرۆن و ترەمپ سەبارەت بە ئێران یەکبیر و ڕا نین

کۆشکی ئێلیزە شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە لە نیوان 'ئیمانۆئێل مەکرۆن:"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا و "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ئێران جیاوازی بیر و ڕا لە ئارادایە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ کۆشکی ئێلیزە لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بە دیداری ڕۆژی شەممەی "مەکرۆن" و ترەمپ" لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرانی گرووپی ٧ لە شاری "بیاریتز" لە باشووری ڕۆژاوای فەرەنسا رایگەیاند لەو دیدارەدا لە نێوان دوو لایەن جیاوازی بیرو  ڕا سەبارەت بە ئێران گەلێک زۆر و بەرچاو بووە.

دیداری سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکا یەک ڕۆژ پاش دیداری مەکرۆن لەگەڵ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاریس ئەنجام دراوە.

زەریف ئێوارەی هەینی وتووێژەکانی لەگەڵ "ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی بە باش و بنیاتنەر وەسف کردبوو.

وەزیری دەرەوەئ ئێران پاش دیدار لە گەڵ سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆڕی هەواڵنێراندا لە پاریس ڕایگەیاند؛ دوو لایەن لەم دیدارەدا چەندین پێشنیاریان سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ئەو هەنگاوانەی پێویستە دوولایەن  هەڵیگرن ئاراستە کردووە.

زەریف لە درێژەدا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: یەکێتیی ئەورووپا دەبێ پێبەند بێ بە بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەروەها ئەو بەڵێنانەی کە پاش چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە داویەتی.

ئەڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا پاش چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڵێنیان دا بە دەستەبەر کردنی قازانج و بەرژەوەندیی  ئابووریی ئێران، ئەو ڕێککەوتنە هەر بپارێزن. ئەم وڵاتانە وێرای خۆڕاگری سەرزارەکی و سیاسیی بەرامبەر بە ئەمریکا تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچکام لە بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە ئێران بەجێ بێنن و هەنگاوێک لە پێناو پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران هەڵگرن.