تشرینی یه‌که‌م 03, 2019 15:03 Asia/Tehran
  • فەرەنسا ھەمیسان داوای دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکای کردەوە

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی چوارشەممە جارێکی تر خوازیاری دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ژان ئیۆ لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەبێ ئەوەی ئاماژە بکاتە کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و بێ بەڵێنیی ئەورووپییەکان لە ھەمبەر ئەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە دا داوای لە تاران و واشێنگتۆن کرد کە لەو ماوە کورتەی کە ھەتا ھەڵگیرانی ھەنگاوی چوارەم لەمەڕ کەم کردنەوەی بەڵێنمەندیەکانی ئێران ماوەتەوە، بۆ دانوستان کەڵک وەربگرن.

«ئێمانۆئێل مەکرۆن» سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە ڕەوتی بەرپا کرانی لە پەراوێزی حەفتاوچوارەمین کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا لە نیۆیۆرک بە نیاز بوو بەستێنێک بۆ دیداری «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و «داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕەخسێنێ، کەچی سەرۆک کۆماری ئێران پێی داگرت: ئێران لەکەشی گەمارۆو ئەوپەڕی گوشاردا تەنانەت لە چوارچێوەی پێنج کۆ یەکیش لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکات.

کاربەدەستانی ئەمریکی لەوانە «داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆمارو «مایک پەمپێئۆ»ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە گەلێک جار بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بەنیازی دانوستانن لەگەڵ ئێراندا.

ترەمپ و کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتەکەی لە کاتێکدا بەردەوام باسی دانوستان لەگەڵ ئێران دەکەن کە واشێنگتۆن ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی نایاسایی لە ڕێککەوتنی بەرجام  کە چەندین ساڵ بۆ وەدی ھاتنی دانوستان کرا بوو کشایەوەو بایکۆتی ناڤۆکیی دژی ئێران ڕاگەیاند.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەپاش کشانەوە نایاساییەکەی لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  شەڕێکی ھەمەلایەنەو بەرفراوانی بۆ گوشارخستنەسەر ئێران وەڕێ خستووە.

واشێنگتۆن ڕایگەیاندووە،ئامانج لە «بەکارھێنانی ئەوپەڕی گوشار» دژی ئێران گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی تازەیە لەگەڵ تاراندا کە  ھەموو بابەتەکانی جێی سەرنجی ئەمریکای تیادا ڕەچاو کرابێت.

سەرپەیڤ