تشرینی یه‌که‌م 04, 2019 10:12 Asia/Tehran
  • مارتا زیاکۆڤا: ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە نیازپاکی دەتوانین بپارێزین نە بە بایکۆت

یەکێک لە بەربژارانی پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جەختی کرد؛ ڕێککەوتنی ئەتۆمی تەنیا بە نیازپاکی دەپارێزرێ.

"مارتا زیاکۆڤا" بەربژاری سلۆڤاکی پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆیتێرز رایگەیاند: لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی واتە چین، فەرەنسا، ئەڵمان، ڕووسیا وبەریتانیا دەبێ ڕێگایەک بۆ یارمەتیدانی ئێران لەو ڕەوشە دژوارە بدۆزنەوە تا نیشان بدەن ڕێککەوتننامەکان دەبێ جێبەجێ بکرێن.

زیاکۆڤا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: وڵاتانی دیکەی نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش چوونەدەری ئەمریکا دەتوانن ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بپارێزن بەڵام لەهەمبەر گەڕانەوەی ئێران بۆ بەڵێنەکانی و جێبەجێ کرانی تۆکمەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەبێ لە جیاتی بایکۆت، نیازپاکی بەرامبەر بەم وڵاتە نیشان بدرێت.

"دۆناڵد ترەمپ" ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە شێوەی یەکلایەنە  بە بنپێ کردنی بەڵێنەکانی واشینگتۆن بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە بردە دەرەوە و تووندترین بایکۆتی ئابووری بە سەر گەلی ئێران داسەپاند.

کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش یەک ساڵ سەبری ستراتژیک و دابین نەکرانی بەڵێنەکانی واژۆکەرانی ئەورووپایی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەمەڕ دابین کردنی قازانج و بەرژەوەندیی بەرجامیی ئێران، بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو ڕووی کردۆتە بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

ئێران تا ئێستا سێ هەنگاوی لەم ئاراستەیەدا هەڵگرتووە و بە وشدار سەبارەت بە هەڵگرتنی هەنگاوی چوارەم ڕایگەیاندووە ؛ بێتوو ئەورووپاییەکان هەنگاوی بەکردەوە و کاریگەر لە بەجێ هێنانی بەڵێنەکانیان هەڵگرن هەنگاوەکانی ئێران کە بەرەو بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنە ئەتۆمییەکانی هەڵیگرتووە بە خێرایی دەگەڕێنەوە سەر جێگای خۆیان. 

سەرپەیڤ