تشرینی یه‌که‌م 10, 2019 08:03 Asia/Tehran
  • بایدێن: ترەمپ خەیانەتی کردووەو دەبێ لێپێچینەوەی لێ بکرێت

جۆ بایدێن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ٢٠٢٠ ی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکای بە خائین ناودێر کردو داوای لێپێچینەوەی بۆ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا، بایدێن  لە شاری «ڕاچێستێر»ی سەربە ئیالەتی «نیۆھەمپشایەر» بە دەربڕینی ئەمەی کە دانڵدترەمپ سوێندی سەرۆک کۆمارەتیی شکاندووە، وتیشی: ترەمپ خەیانەتی لەگەلی ئەمریکا کردووە.

«جۆ بایدێن» وتیشی: ترەمپ کردەوەگەلێکی ئەنجام داوە کە وا ھەڵدەگرێت لێپێچینەوەی لێ بکرێت.

ترەمپ لەم ڕۆژانەدا گیرۆدەی ڕیسوایی و ئابڕوچوونێکی تازەترە بە ناوی «ئۆکرانیا گەیت»ەوە.

لەم دواییەدا کەسێکی نەناسراو ڕایگەیاند کە ترەمپ لە کۆتایی مانگی ژوئیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ ڤلادیمیر زلێنێسکی ھاوتای ئۆکرانیایی خۆی داوای لێکردووە ھەتا زانیاریگەلێکی بداتێ کە بتوانێ جێ و شوێنی «جۆ بایدێن» کاندیدی دیموکراتەکان بۆ  لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی  ٢٠٢٠ ی ئەمریکاو لەو خەنیمە سەرەکیانەی پێ جێلەق کات.

وەک باسی دەکرێت ترەمپ بەخشینی بارەبووی ٢٥٠ ملوێن دۆلاریی ئەمریکا بە ئۆکرانیای مەرجدار کردووە بە لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەو گەندەڵییەی کە گوایە بایدێن و کوڕەکەی تێوەی گلاون.