تشرینی یه‌که‌م 19, 2019 18:47 Asia/Tehran
  • خۆپێشاندانی نەیارانی برێگزیت لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا

نەیارانی چوونەدەری بەریتانیا لە یەکێتی ئوروپا هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانیشتنی لوتکەیی برێگزیت لە پەرلەمان، لە شەقامەکانی لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانیان کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، بەسەدان هەزار نەیاری برێگزیت رۆژی شەممە بەهەڵگرتنی ئاڵای یەکێتی ئوروپاو دانی دروشم لەدژ حکومەتی "بوریس جانسۆن"ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەرەو پەرلەمان وەڕێکەوتن و خوازیاری بەڕێوەچوونی دووبارەی کۆپرسی لەبارەی چوونەدەری ئەو وڵاتە لەو یەکێتییە بوون.

نوێنەرانی پەرلەمانی بەریتانیا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لەبارەی ڕێککەوتنی نوێی جانسۆن دەنگ بدەن.

"ژان کلود یونکر" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئوروپاو سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، پێنج شەممەی ڕابردوو هەواڵی ڕێککەوتنی بروکسل ولەندەن لەسەر چۆنیەتی چوونەدەری ئەو وڵاتە لە یەکێتی ئوروپا"برێگزیت"یان ڕاگەیاند کە بۆ یەکلابوونەوەی پێویستی بە پەسەندکرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیاو پەرلەمانی ئوروپا هەیە.

خەڵکی بەریتانیا (ئینگلیز، ئیرلەندی باکور، سکۆتلەندو ڤێڵز) ساڵی٢٠١٦ سێ ساڵ لەمەوبەر لەکۆپرسیەکدا دەنگیان دا بە چوونەدەری ئەو وڵاتە لە یەکێتی ئوروپا.

شکست هێنانی لەندەن و بروکسل، لەمەڕ ڕێککەوتن لەسەر دۆخی پەیوەندیی سیاسی و ئابوریی پاش جێ بەجێ کرانی برێگزیت، دواکەوتنی ئەو پرۆسەی لێکەوتەوە.