تشرینی دووه‌م 07, 2019 16:36 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونی دانیشتنی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی بە تەوەرەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە

دانیشتنی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی بە تەوەرەی ئێران و ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دەستی پێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنج شەممە حەوتەمی نوامبەر ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ناوەندەکە کە لە پشت دەرکەداخراوەکان و بەبێ ئامادە بوونی پەیامنێران لە ڤییەنا خەریکە بەڕێوە دەچێت، ڕاپۆرتەکەی «ڕافائێل گروسی» بەڕێوەبەری گشتیی تازەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی سەبارەت بە ڕێککەوتنی بەرجام و بەرنامەی ئاشتیانەی ناڤۆکیی ئێران تاوتوێ دەکرێت.

ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە کشانەوەی نایاسایی و یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و بێ بەڵێنیی لایەنە ئەورووپییەکان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا، بە پشت بەستن بە دوو بڕگەی ٢٦و ٣٦ی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، ڕەوتی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی خۆی دەست پێ کردووە.

ھەنگاوی چوارەمی ئەم ڕەوتە لە ڕۆژی چوارشەممە ٦ی نوامبەر بە تێکردنی گاز لە سانتریفیوژەکانی دامەزراوەی «فۆردۆ»و ھەڵمەتی پیتاندنی ئۆرانیۆم ھەتا ئاستی لەسەدا ٥ لەم کۆگایەدا دەستی پێ کرد.

 ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ھەنگاوەکانی ئێران لە بارەی ھەنگاوی چوارەمی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکان لە لایەن ئێرانەوە، جەختی کرد: ئەم ھەنگاوە لەژێر چاودێریی پشکێنەرانی ئەم ناوەندەو لە شوێنە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجام دەگرن.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند. جێگای ئاماژەیە بە پێی بڕگەکانی ٢٦و ٣٦ی ڕێککەوتنی بەرجام، ئەگەر بێتوو لایەنی بەرامبەر پێبەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئێرانیش بۆی ھەیە بە شێوەیەکی گشتی و یان بەشێک لە بەڵێنەکانی خۆی ھەڵپەسێرێت.