تشرینی دووه‌م 12, 2019 20:14 Asia/Tehran
  • بیروبۆچوونی ڕۆژئاوا لەمەڕ هەڵوەشانەوەی پەیمانی ناتۆ

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام رەخنەی گرتووە لە پەیمانی ئەتلانتیکی باکووری (ناتۆ) و ناڕەزامەندی خۆی لە ئەندامە ئەورووپیەکانی ناتۆ دەربڕیوە بەهۆی بەشداری نەکردنیان لە دابین کردنی تێچووەکانی ئەو ڕێکخراوەیە و تەرخان نەدانی لەسەتا 2ی بەرهەمە ناخالسە نێوخۆییەکانیان بە خەرج و بەرجی بەرگری و سەربازیی ئەو پەیمانە ‌!

رابێرت ئۆبراین" ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا

لەم پەیوەندیەدا "رابێرت ئۆبراین" ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە لێدووانێکی تووند و تیژدا، باسی ئەگەری هەڵوەشانەوەی ناتۆی کردووە. ئۆبراین گوتوویەتی: "لەبەر ئەوەی کە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ پشکی دادپەروەرانەی خۆیان نادەن، ئەم پەیمانە ڕوو لە هەڵوەشانەوەیە. ئەوان پتر لە پەلاماری ئەمدواییانەی تورکیا بۆسەر باکووری سوریا، زەبریان لەم ڕێکخراوەیە داوە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بانگەشەی کردووە واشنتۆن هێشتا پێبەندە بە بەڵێنەکانی خۆی بەم ڕێکخراوە 70 ساڵەیە.

ترەمپ لەپاش گەیشتنی بەدەسەڵات، ناتۆی بە ڕێکخراوێکی کۆنە و ناکارامە زانی کە خەرجی زۆری داوەتە دەستی ئەمریکاوە و راشیگەیاند کە چیدی پاڵپشتی ئەو ڕێکخراوە سەربازیە ناکات. ئەو هەروەها ناتۆی بە ڕێخکراوێکی خراپ و زۆر پڕخەرج بۆ ئەمریکا لێک داوەتەوە.

زۆڕیک لە ئەندامانی ناتۆ لە ڕوانگەی نەرێنی ترەمپ لەئاست ناتۆ تێگەیشتوون. ئێمانۆئێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساش لەمدواییانەدا لە لێدووانێکی کەم وێنەدا گوتی ناتۆ تووشی مردنی مێشک بووە. ئەم بابەتە بەرەوڕووی ڕەخنە و گازندەی تووندی کاربەدەستانی ئەڵمانیا وەکوو گرینگترین وڵاتی یەکیەتیی ئەورووپا و یەکێک لە ئەندامانی گرینگی ناتۆ بووەتەوە. هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری داوەتە فەڕەنسا سەبارەت بە تێک شێواندنی ناتۆ.

وتە تووند و کەم وێنەکانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش نەک تەنیا هۆشدارێکی تووندە بە ئەڵمانیا، بگرە بە ڕاشکاوی بەرگری لە ئەورووپا بە بێ ئەمریکاشی بە نامومکین زانیوە. بێجگە لەوەش تەشەرێکە بە ماکرۆن کە هەنگاوەکانی ئەمریکا و تورکیای لە باکووری سووریای بە هۆکاری لاواز کردنی ناتۆ لێک داوەتەوە.

چاوەڕوانی دەوڵەتی ترەمپ لە ئەندامە ئەورووپیەکانی ناتۆ گوێڕایەڵی تۆخی واشنتۆن و بەڕێوە بردنی داواکاریەکانیەتی. ترەمپ کە هەڵوێستێکی بازرگانیانەی هەیە و لە هەر بابەتێکدا بەس بیر لە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکاتەوە، لەسەر ئەو باوەڕەیە بێتوو ناتۆ قازانجی دراڤی بۆ ئەمریکا نەبێت، لە بنەڕەتدا بوونی ئەو وڵاتە لەودا بێ سوودە و بە مانای بەفیڕۆدانی سەرچاوە و داهاتەکانیاتی.

 

 

سەرپەیڤ