کانونی یه‌که‌م 02, 2019 19:13 Asia/Tehran
  • هەڵبژاردنی مسۆگەری بەرپرسی گشتیی نوێی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی

لەمیانەی کۆبوونەوەی تایبەتی کۆنفڕانسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، بەرپرسی گشتیی نوێی ئەو ڕێکخراوە بۆ خولێکی چوارساڵان بەمسۆگەری هەڵبژێردرا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، لەو کۆڕەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوە چوو، "رافائێل گرۆسی" وەک بەرپرسی گشتیی نوێی ئاژانس بۆ خولێکی چوارساڵان پەسەند کرا.

لەو کۆڕەدا، گرۆسی پاش وەرگرتنی نامەی پشت ڕاست کرانەوەی ئەندامان، وەک بەرپرسی گشتیی نوێی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی سوێندی خوارد.

بەرپرسی گشتیی نوێی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، لەو کۆڕەدا کوتی کە بەرپرسایەتییەکەی لەسەر کێشەو ئاستەنگەکانی ئێستا بۆ وێنە پێش گرتن بە پەرەی چەکە ناڤۆکیەکان و بەرەوڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوایی چڕدەبێتەوە.

ئەو دیپلۆماتە ئەرژەنتینیە لە سبەی سێ شەممە سێی دیسەمبەرەوە بەفەرمیی کاری خۆی وەک شەشەمین بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە دەسپێکی دامەزرانی ئەو دامەزراوە لە ساڵی١٩٥٧ـەوە تائێستا، دەس پێ دەکا.

گرۆسی جێی "یوکیا ئامانۆ"ی ژاپۆنی بەرپرسی گشتیی پێشووی ئاژانس دەگرێتەوە کە١٨ی ژوولای٢٠١٩ کۆچی دوایی کرد.