کانونی دوھەم 15, 2020 19:41 Asia/Tehran
  • دەوڵەتی ڕووسیا کشایەوە

سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئەمڕۆ لەپاش وتاردانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی لەمەڕ پێویستیی پێکھاتنی ئاڵوگۆڕی بنەمایی لەم وڵاتەدا، نامەی لەکارکشانەوەی خۆی و تەواوی ئەندامانی کابینەکەی ئاراستەی پوتین کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، دیمیتری مێدڤێدۆف سەرۆک وەزیرانی ڕووسیاو ئەندامانی کابینەی دەوڵەتەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتیان ڕاگەیاند.

ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا وێڕای ڕەزامەند بوون بەم لەکارکشانەوەیە داوای لە وەزیرەکان کرد کە ھەتا کاتی پێکھاتنی دەوڵەتی تازە کارەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن.

پوتین ئەمڕۆ لە وتاردانی ساڵانەی وێڕای ھێنانە ئارای ئەم بابەتەی کە ڕووسیا پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەماییە،وتیشی: داخوازییەکان بۆ ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگای ڕووسیا ڕوون و ئاشکرایە.

چاودێرانی کاروباری ڕووسیا وتوویانە پوتین ئاڵوگۆڕەکانی لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەست پێ کردووە.

دیمیتری مێدڤێدۆف پاش وازھێنانی لە پۆستەکەی بڕیارە وەک جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕووسیا چالاکی بنوێنێ.

لەماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بڕێک بڕیاردان لە ڕووسیا لەوانە زیادکرانی تەمەنی خانەنشینی گەلێک جار خۆپیشاندانی نێو شەقام و بازاڕی لێ کەوتووەتەوە.

دیمیتری مێدڤێدۆف دوای ڕادەست کردنی نامەی کشانەوەی خۆی و دەوڵەتەکەی بە پوتین ڕایگەیاند: سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ پێکھاتنی ئاڵوگۆڕ لە ڕووسیا لەوانە لە یاسای بنەڕەتی دا ڕاگەیاندو ئێمەش وەک کابینەی دەوڵەت دەبێ ھەلی ئەوەی بۆ بڕەخسێنین کە بڕیاری پێویست بدات.

پوتین لە وتەکانی ئەمڕۆی خۆی دا باسی ھەگەری بەرپاکرانی گشتپرسیی کرد بۆ پێکھێنانی ھێندێک ئاڵوگۆڕ لە یاسای بنەڕەتی، بەڵام پێی لە سەر ئەوەش داگرت کە پێویست بە یاسای بنەڕەتیی تازە ناکات.