کانونی دوھەم 16, 2020 13:39 Asia/Tehran
  • پەسەندکرانی گەڵاڵەی ناردنی پرۆژەیاسای لێپێچینەوە
لە ترەمپ بۆ سێنا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە گەڵاڵەی لێپێچینەوە لە «دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە بۆ ئەنجومەنی سێنای ئەمریکا تێپەڕاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەم گەڵاڵەیە بە ٢٢٨ دەنگی تەبا لە بەرامبەر ١٩٣ دەنگی نەیار لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەند کرا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممەی ١٨ی دیسامبەری ٢٠١٩ لە دەنگوەرگرتنێکی مێژوویی پرۆژەیاسای لێپێچینەوە لە «دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەی لە بەر دوو تۆمەتی «کەڵکاژۆیی لە دەستەڵات»و« لەمپەر قوت کردنەوە لە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس» بە زۆرینەی دەنگەوە تێپەڕاند بوو.

بەم دواییانەش «نانسی پلوسی» سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا،حەوت کەس لە نوێنەرانی دیموکراتی وەک «بەرپرسانی لێپێچینەوە لە ترەمپ» دیاری کرد. ئەم حەوت کەسە چاودێرانی ڕەوتی لێپێچینەوە لە ترەمپ لە کۆنگرێس دا دەبن.

«ئادام شیف» سەرۆکی لێژنەی ھەواڵگری، «جراڵد نەدلێر» سەرۆکی لێژنەی دادی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش لەڕیزی ئەو حەوت کەسەن.

بە پێی یاساوڕێسای لێپێچینەوە لە سێنا، ڕەوتی دادگەکە ھەر لەو ڕۆژەدا کە نانسی پلوسی بڕگەکانی لێپێچینەوەکە بخاتەڕوو دەست پێ دەکات، مەگەر ئەوەی کە ڕۆژی خستنەڕووی بڕگەکان یەکشەممە بێت.

ترەمپ لەم ڕۆژانەدا گیرۆدەی ڕیسوایی و ئابڕوچوونێکی تازەترە بە ناوی «ئۆکرانیا گەیت»ەوە.

لەم دواییەدا کەسێکی نەناسراو ڕایگەیاند کە ترەمپ لە کۆتایی مانگی ژوئیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ«ڤلادیمیر زلێنێسکی» ھاوتای ئۆکرانیایی خۆی داوای لێکردووە ھەتا زانیاریگەلێکی بداتێ کەبتوانێ جێ و شوێنی «جۆ بایدێن» کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی٢٠٢٠ی ئەمریکاو لەو خەنیمە سەرەکیانەی پێ جێلەق کات. لەپاش ئەم ڕیسواییە، ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە بارەی ڕوونخوازی لە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە فەرمانی «نانسی پلوسی» سەرۆکی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم وڵاتە دەستی پێ کرا. ھەتا ئێستا لانیکەم ٢٢٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پشتگرییان لە ڕەوتی ڕوونخوازی لە ترەمپ کردووە.