شوبات 17, 2020 10:51 Asia/Tehran
  • چین.. چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزرایه‌وه‌

شارەزایانی‌ چین ناوی‌ دەرمانێکیان ئاشکرا کردووە کە بەچارەسەری‌ یەکجارەکی‌ کۆرۆنا ناویانبردووە و لە ئێستادا حکومەت رەزامەندی‌ لەسەر بەکارهێنانی‌ ئەو دەرمانە دەربڕێوە.

ئاژانسەکانی‌ هەواڵ رایانگەیاند، زاناکانی بواری پزیشکی لە شاری تایتشۆی ویلایەتی چگیانگ پێکوتەیەکیان بەناوی" Avigan" دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا بە یەکجارەکی لەناوبەرێت و ئەو دەرمانەش لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە رەزامەندی لەسەر نیشاندراوە و لە ئێستادا لە بازاڕەکانی چیندا دەفرۆشرێت.

ئەوجۆرە دەرمانەی لە وڵاتی چین بۆچارەسەکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا بەکاردەهێندرێت، ناوە زانستییەکەی بریتییە لە Avigan  یاخود  Favipiravir، لەلایەن کۆمپانیای Zhejiang Hisun ی چینی بۆ دروستکردنی دەرمان بەرهەمهاتووە.ئەم دەرمانە بەیەکەم جۆری دەرمان دادەنرێت کە لە کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە تائێستا حکومەت بە شێوەیەکی‌ فەرمی‌ رێگە بە فرۆشتنی‌ بدات لە بازاڕەکانی‌ ئەو وڵاتەدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر سەنتەری نیشتیمانی چینی بۆ تەکنیکی بایەلۆجی رایگەیاندبوو، چەند چارەسەرێک بۆ کۆرۆنا لەژێر تاقیکردنەوەدان کە پێدەچێت بتوانن بەتەواوی چارەسەری ئەو قەیرانە تەندروستییە جیهانییە بکەن، لەنێوان ئەو چارەسەرانەشدا سەنتەرەکە ئاماژەی بەهەردوو جۆری دەرمانی Favipiravir و Remdesivir  کردبوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای دۆزینەوەی ئەو جۆرە پێکوتەیە، زاناکانی بواری پزیشکی و بایەلۆجی بەردەوامن لە گەڕان و تاقیکردنەوەی چارەسەرەکان  بۆ ئەو ڤایرۆسە.بەپێی نوێترین ئامار کە دەسەڵاتدارانی چین بڵاویانکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و 770 کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ 70 هەزار و 500 کەس بەرزبووەتەوە.