ئادار 23, 2020 16:22 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی مۆسکۆ لە ھەڵس و کەوتی نامرۆڤانەی ئەمریکا لە ھەمبەر ئێران

لە درێژەی دژایەتییە نێونەتەوەییەکان لە گەڵ بایکۆتەکانی ئەمریکییەکانی سەر ئێران، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا داوای لە ئەمریکا کرد ھەتا بە سەرنجدانی پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆتایی بە ڕەوتی نائاکارمەندانەی داسەپاندنی بایکۆت بەسەر ئێراندا بھێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی سپۆتنیک،«سێرگێئی ڕیابکۆف» جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە وێڕای دووپات کردنەوەی دژایەتیی مۆسکۆ لەگەڵ بایکۆتەکانی ئەمریکیی سەر ئێران وتی: ئێمە داوامان لە ئەمریکا کردووەو دەشیکەین کە واز لە ڕەوتی نامرۆڤانەی داسەپاندنی بایکۆتی یەک لایەنە بە سەر ئێراندا بھێنێ.

«سێرگێئی ڕیابکۆف» جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕەوشتی ئێستای تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران وتیشی: ئێران بۆ چارەسەریی خێرای کێشەی پاکپارێزیی لە ھەل و مەرجێکدا کە کۆرۆنا خەریکی تەشەنە سەندنە لەگەڵ کەمھاتنی کەرەستەو پێداویستی دا بەرەوڕووە.

ڕادەربڕینی ئەم کاربەدەستەی ڕووسیا سەبارەت بە ڕاگیرانی بایکۆتە ئەمریکییەکانی سەر ئێران ئەویش لەم قۆناغە قەیراناوییەی ئێستای جیھاندا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکی تەنگ پێ ھەڵچنینە، لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو کاربەدەستانی وڵاتانی جۆربەجۆر لەوانە  تورکیا، روسیا، ئاڵمانیا، لوبنان، پاکستان و چینیش داوای ھەڵوەشانەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانیان کردووە.

«برایان ھوک» نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێرانیش باسی ئەوەی کردووە کە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئێمە دژی ئێران بەردەوام دەبێت.

«دۆناڵد ترەمپ» سەرۆک کۆماری ئەمریکاش ڕۆژی ھەینی بەبێ سەرنجدانی ئەم دژایەتییانە ڕایگەیاند: بایکۆتەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران بەردەوام دەبێت.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش سێ شەممەی ڕابردوو لە پەیامێکدا لە ھەژماری توییتێڕەکەی نووسی: بایکۆتە نایاساییەکانی ئەمریکا تواناییەکانی ئێران لە بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا_ کۆڤیدی ١٩»ی دابەزاندووە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیش ئێوارەی ڕۆژی ھەینی ڕایگەیاند: ھەر سیاسەتێکی بەرچاوتەنگانەو دوژمنکارانە لە ئاراستەی لاواز کردنی سیستێمی پزیشکی و بەرتەسک کردنەوەی سەرچاوە دراڤییەکانی کۆنترۆڵ کردنی تەشەنای کۆرۆنا لە ئێران، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر بەرنگار بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە گشت داگرە لە وڵاتانی دیکەش دەبێت و لە ئێستادا کاتی ئەوەیە کە نەتەوەی ئەمریکا بە سەردەوڵەتی ترەمپ دا ھاومار بکات و نەھێڵێ لاپەڕەکانی مێژووی ئەمریکا لەمە زیاتر ڕەش داگەڕێت.