ئادار 23, 2020 16:40 Asia/Tehran
  • کۆرۆناو راگەیەندرانی کەرەنتینەی سەرتاسەریی لە یۆنان

دەوڵەتی یۆنان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تەشەنای کۆرۆناڤایرۆس ، یاسای کەرەنتینەی سەرتاسەریی ڕەچاو کردوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی رۆیتەرز، دوابەدوای پشت ڕاست کرانەوەی نەوەدو چوار حاڵەتی نوێی تووشبوون بەکۆرۆنا ڤایرۆس لە یۆنان، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە وتاردانێکی تەلەفزیۆنی هەواڵی جێ بەجێ کرانی گەڵاڵەی کەرەنتینە لەسەرتاسەری وڵات لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە(٢٣ی مارس) ی ڕاگەیاند و گوتی : ئەوە لەوانەیە دواهەنگاو بێ کە دەکرێ بەخێرایی هەڵبگیرێ و ئێمە نابێ بگەینە ئەو قۆناخەی ناچاربین دیاریی بکەین کە کێ دەبێ زیندوو بمێنێ وکێ بمرێ.

ئاتێن لە دەی مارسەوە بە گرتنەبەری بڕیارگەلێکی وەک داخرانی قوتابخانەکان، چێشتخانەکان، سینەما، هۆڵە وەرزشیەکان و ناوەندە تیجاریەکان لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس هەوڵ دەدا.

بەپێی بڕیاری نوێی حکومەتی یۆنان، لەمڕۆ دووشەممەوە لەو وڵاتە تەنیا هاتووچۆ بۆ چوونەشوێنی دەوامکردن و گەڕانەوە لەوێوە بۆماڵ، کڕینی خۆراک و دەواودەرمان و چوونە لای پزیشک ڕێگەپێدراوە.

بە تووشبوونی نەوەدو چوار کەسی دیکە بەکۆرۆنا ڤایرۆس رۆژی یەکشەممە لە یۆنان، ژماری کەسانی تووشبوو لەو وڵاتە گەیشتە ٦٢٤ کەس.

هەروەها دوو حاڵەتی مردنی نوێ بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە لە یۆنان ڕاگەیێندراوەو بەم چەشنە ژماری قوربانیانی ئەو پەتایە لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە پانزە کەس.