ئادار 24, 2020 15:07 Asia/Tehran
  • سندوقی جیھانیی پشتگری کردن لە نەخۆشانی کۆرۆنا دادەمەزرێت

وەزیری کاروباری دەرەوەی نەرویژ ڕایگەیاندووە کە، ڕێکخراوەی نەتەوەکان سندوقێک بۆ پشتگری کردن لە نەخۆشانی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیھان دادەمەزرێنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممە (٢٣ی مارس)ی ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز، «ئینە ئێریکسەن سوریدە» وەزیری کاروباری دەرەوەی نەرویژ لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: ئەم سندوقە لە چەند دامەزراوەو پێکھاتەی خۆبەخش و بە داکۆکیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و بە مەبەستی کاراتر کردنی ھەوڵی جیھانی بۆ بەرنگاربوونەوەی کۆرۆناو پشتگری کردن لەو نەخۆشانەی توشی ئەم ڤایرۆسە ھاتوون، دادەمەزرێت.

لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕاگەیەندرانی فەرمیانەی دامەزرانی ئەم سندوقە لە ماوەی ڕۆژانی داھاتوودا ھاتووە: مەبەست لە دامەزراندنی ئەم سندوقە یارمەتی دانی ئەو وڵاتە ڕوولەگەشەیانەیە کە میکانیزمێکی لاوازیان بۆ پەڕینەوە لەم قەیرانە ھەیە.

بەیاننامەکە باس لەوەش دەکات کە، ئەم سندوقە ھەروەھا بەرنگار بوونەوەی شوێنھاتە درێژماوەکانی تەشەنای کۆرۆنا پێ و شوێن دەگرێت.

ھەتا ئێستا٣٤٣ ھەزارو ٤١٤ کەس لە جیھاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون و ١٤ ھەزارو ٧٧٥ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

لە نەرویژ ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە دووھەزارو ٣٨٥ کەس و ژماری قوربانییەکانیش بە حەوت کەس گەییشتووە.