ئادار 24, 2020 15:36 Asia/Tehran
  • پەرەسەندنی وشدارەکان ھاوکات لەگەڵ زیاتر بوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا

ھاوکات لەگەڵ زیاتر بوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، نیگەرانی لە بارەی تەشەنەسەندنی زیاتری ئەم نەخۆشییەش پەرەی گرتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا(سانا)، وەزارەتی نێوخۆی سووریا ڕۆژی دووشەممە بە ڕاگەیاندنی یەکەم نمونەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، فەرمانی داخستنی تەواوی بوارگە سەرسنوورییەکانی لەگەڵ لوبنان دەرکردو تەگبیری پێویستی بۆ پێشگرتن بە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتە بەر.

ئەنجومەنی وەزیرانی سووریاش بۆ پێشگرتن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕاگرتنی گواستنەوەی گشتی و تایبەتیی لە پارێزگاکانی ئەم وڵاتە پەسەند کرد.

«سەلمان عەبدولعەزیر» پاشای عەرەبستانیش بە مەبەستی بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا فەرمانی داوە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ قەدەغەی ھاتوچۆی شەوانە ڕابگەیەندرێت.

بە پێی دوایین ڕێژە فەرمییەکان ھەتا ئێستا ٥١١ کەس لە عەرەبستانی سەعودی دا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون.

ھەرلەم کاتەدا «جاسم فەلاحی» وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاندووە، کاری دروست کردنی نەخۆشخانەیەکی تازە لە بەغدا بۆ خەواندن و کەرەنتینە کردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بارەبووی جەماوەری و لە سەر ئەرکی خەڵک دەستی پێ کراوە.

بە پێی دوایین ڕێژەی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ، ھەتا ئێستا ٢٦٦ کەس لەم وڵاتەدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون و ٢٣ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.

بە پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوبنانیش کۆپتەرەکانی سوپای ئەم وڵاتە بە سەر شارە جۆربەجۆرەکانەوە دەستیان کردووە بە گەشت لێدان و لە بارەی مانەوە لە ماڵەکانیاندا وشداریی بە خەڵک دەدەن.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاندووە، ڕێژەی توشبووان بە ڤلیرۆسی کۆرۆنا لەم وڵاتەدا گەیشتووەتە ٩٩ کەس و سێ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.

وەزارەتی تەندروستیی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبیەکانیش باسی داخرانی ناوەندە بازرگانییەکان، پاساژو بازاڕەکانی ئەم وڵاتەی کردووە لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆناو پێ داگرتووە کە ناوەندە بازرگانییەکان، پاساژو فرۆشگەکان بۆ ماوەی دووحەوتە دادەخرێن.

وەزارەتی تەندروستیی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبیەکان ژمارەی توشبوولن بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەم وڵاتەدا ١٥٣ کەس ڕاگەیاندووە کە ھەتا ئێستا یەک کەسیش گیانی لە دەست داوە.

بەپێی دوایین ڕێژەکان، ھەتا ئێستا زیاتر لە ٣٤١ ھەزارکەس لە جیھاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون کە لەم ژمارەیە ١٤ ھەزارو ٧٠٠ کەس گیانیان لە دەست داوەو پتر لە ٩٩ ھەزار کەسیش چاک بوونەتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ناوە فەرمییەکەی کۆڤیدی ١٩ یە، لەکۆتایی ساڵی٢٠١٩دا لەشاری "ووهان"ی چین سەری هەڵدا و لە ئێستادا بەرەو زیاتر لە ١٩٠ .ڵاتی جیھان تەشەنەی سەندووە.