May 22, 2020 19:49 Asia/Tehran
  • ڕەنگدانەوەی بەربڵاوی وتاردانەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە میدیاکانی جیھان

وتاردانەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی قودسەوە ڕەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە میدیاکانی بیانی دا ھەبوو.

ھەواڵدەریی فەرانسە لە ھەواڵێکی بەپەلەدا، وێڕای ئاماژە کردن بە وتاردانەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕۆژی جیھانیی قودس، بەگێڕانەوە لە بەڕێزی،نووسی:خەبات لە پێناوی ڕزگاریی فەلەستین، جیھادلە    پێناوی خوداو ئەرک و فەرزێکی ئیسلامییە.

ھەواڵدەریی ڕۆیتێرزیش وای بڵاو کردەوە کە، ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕۆژی ھەینی وێڕای ناساندنی ئیسرائیل وەک لووی شێرپەنجەیینی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا کە دەبێ ھەتا ڕزگاریی فەلەستینییەکان بەربەرەکانێی لەگەڵ بکرێت،داوای لە شارومەندانی فەلەستینی کرد کە لە سەر ڕابوون و بزوتنەوەکەیان دژی ئیسرائیل بەردەوام بن.

ڕۆژنامەی زایونیستیی «جرۆزاڵم پۆست»یش وێڕای ئاماژە کردن بە چمکێکی وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بارەی گرینگایەتیی بەرخۆدان، نووسی: ئایەتوڵڵا خامەنەیی جەختی کرد کە، ھەڵھاتنی ھەتاوی شۆڕشی ئیسلامی، وەرزێکی تازەی لە خەبات لە پێناوی فەلەستین ھێنایە ئاراوە. بە ھاتنەمەیدانی بەرەی خۆڕاگری کاری ڕژێمی زایونی دژوارتر بووەو دیارە لە داھاتوودا دژوارتریش دەبێت.

وتاردانەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی جیھانیی قودس ھەر لە ساتەکانی بەرایی دا ڕەنگدانەوەی بەربڵاویشی لە میدیاکانی ڕووسیادا ھەبوو. لە ڕاپۆرتی ئەم میدیاگەلەدا بە گێڕانەوە لە حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕایانگەیاند: سڕینەوەی ڕژێمی زایونی بەم واتایەیە کە موسڵمانان ، مەسیحییەکان و یەھودییەکان دەبێ دەوڵەتی خۆیانیان ھەبێت.

سپۆتنیک نووسیویەتی: جەماوەری ئێران و سەرتاسەری جیھان لەماوەی ساڵانی ڕابردوو ھاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیھانیی قودس، ڕێپێوانیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام ئەمساڵ لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەم ڕێپێوانانە ھەڵوەشانەوە.

میدیاکانی ئسپانیاش لە ڕاپۆرتی جۆربەجۆردا وێڕای بڵاو کردنەوەی وتاردانەکەی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، نووسییان: ڕێبەری ئێران بە شوبھاندنی ئیسرائیل بە «کۆرۆنا» داوای لەنێوبرانی ئەم «ڤایرۆس»ی کرد.

ڕۆژنامەی «ئێل پریۆدیکۆ_El Periódico» لە ڕاپۆرتێکدا جەختی کرد: ئایەتوڵڵا خامەنەیی لە وتاردانەکەی دا پێی داگرت: ئامانجی خەبات ڕزگارکرانی تێکڕای سەرزەوییەکانی فەلەستین و گەرانەوەی تەواوی فەلەستینییەکان بۆ وڵاتەکەیانە.

ڕۆژنامەی (ئا،بێ،سێ)ش لە ھەواڵێکی خۆی دا بە مانێشێتی «ڤایرۆسە درێژخایەنەکەی زایونیزم لە نێو دەچێت» ڕاشیگەیاند:ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕۆژی ھەینی داوای لە فەلەستینییەکان کرد کە لە سەر خەباتی دژی ئیسرائیل بەردەوام بن و وتیشی: دەوڵەتی ئیسرائیل لوویە شێرپەنجەیینە کە دەبێ ھەتا ئەوکاتەی کە فەلەستینییەکان بە ئازادیی خۆیان دەگەن، بەربەرەکانێی لەگەڵ بکرێت.

ڕۆژنامەی «ملای میل_Malay Mail»مالێزیش لە ڕاپۆرتێکدا وێڕای بڵاوکردنەوەی بەشگەلێکی وتەکانی ئەمڕۆی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی جیھانیی قودس دا نووسی: ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕژێمی زایونیی بە وەک لوویەکی شێرپەنجەیین لە ڕۆژئاوای ئاسیادا ناوبرد و داوای لە شارومەندانی فەلەستینی کرد کە لە سەر ڕاپەڕینی خۆیان لەھەمبەر ئەم ڕژێمە بەردەوام بن.

ڕۆژنامەو میدیاکانی ھیندیش لەوانە بڵاوکراوەی «تایمزئاو ئیندیا»، کەناڵی ھەواڵیی «نیوز ١٨»و بڵاوکراوەی « مانی کۆنتڕۆڵ» ڕۆژی ھەینی لە ڕاپۆرتەکانی دا، وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی جیھانیی قودسیان بە بەرفراوانی بڵاو کردەوە.

وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھەروەھا ڕەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە میدیاکانی چین، ئاڵمانیا، لوبنان، فەلەستین، ئەفغانستان، تورکیا، عێراق و وڵاتانی دیکەی جیھاندا ھەبوو.