ئاب 10, 2020 08:52 Asia/Tehran
  • ئەو پیاوەی لە هەردوو بۆردومانی هیرۆشیما و ناکازامی رزگاری بوو

ماڵپەڕی "بی بی سی" چیرۆکی ئەو پیاوەی گێڕاوەتەوە کە لە دوو گەورەترین تەقینەوەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، هیرۆشیما و ناکازاکی، ڕزگاری بوو.

 

تسوتومو یاماگوچی، ئەو پیاوە ژاپۆنییەیە کە لە تەقینەوەی بۆمبە ئەتۆمییەکان لە هیرۆشیما و ناگازاکی لە کۆتایی دووەم جەنگی جیهانی ڕزگاری بوو، بەڵام لە ساڵی 2010 و لە تەمەنی 94 ساڵیدا مرد.

ئەگەر نزیکەی 260 هەزار کەس لە بۆمببارانی ئەتۆمیی ناگازاکی و هیرۆشیما ڕزگاریان بووبێت، ئەوا یاماگوچی ئازاری ترسناکیی تەقینەوەکانی چەشتووە و ژیاوە تاوەکو ڕووداوەکان بگێڕێتەوە.

بۆمببارانی هیرۆشیمایاماگوچی، لە ڕۆژی 6ی ئابی 1945، ئەو کاتەی تەمەنی 29 ساڵان بوو و کاری بۆ کۆمپانیای میتسوبیشی دەکرد، بەرەو شوێنی کارەکەی دەڕۆیشت، کاتێک فڕۆکە ئەمریکییەکە یەکەم بۆمبی ئەتۆمی خستە خوارەوە.

یاماگوچی، کە ئەندازیاری دەریایی بوو، دەڵێت لە کاتی بۆمبارانەکەدا بۆ دوایین جار بەرەو لەنگەرگەی گەشتییەکانی کۆمپانیای میتسوبیشی ڕۆیشتووە، بەرلەوەی بگەڕێتەوە ناگازاکیی شوێنی لەدایکبوونی و لەو کاتەدا دەنگی فڕۆکەی لە سەروو خۆیەوە بیستووە.

یاماگوچی دەگێڕێتەوە کاتێک سەیری ئاسمانی کردووە، فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە جۆری "بی 29" بینووە کە بەسەر شارەکەدا فڕیوە و "چەترێکی هەڵداوە" و دواتر لە پڕێکدا تەقینەوەیەک ڕووناکییەکی گەورەی لە ئاسماندا دروستکردووە، ئەویش خۆی خستووەتە سەر ئەرزەکە و هەستی بە گەرمییەکی تاقەتپڕووکێن کردووە لەسەر دەموچاوی، دەست و قاچی چەپی بە تەواوی سووتاون.

لە دواتر بە ڕۆژنامەی "تایمزی بەریتانی" وتووە، "نەمدەزانی چی ڕوودەدات، پێموایە بۆ ماوەیەک بوورامەوە، بەڵام کاتێک چاوم کردەوە، هەموو شتێک تاریک بوو و نەمدەتوانی زۆر شت ببینم.

"یاماگوچی وتووشیەتی، "لە تاو سووتانێکی ترسناک ژانم دەچەشت و ئەو شەوە لەوێدا مامەوە، بەر لەوەی بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم ناگازاکی و بەر لەوەش کە لە ڕۆژی 9ی ئاب بۆمبباران بکرێت.

"دوای بەسەربردنی شەوێک لەژێر ڕەحمەتی شەپۆلی بۆمبەکانی ئەمریکا، یاماگوچی لە ڕۆژی 7ی ئاب چووە بەرەو وێستەگەیەکی شەمەندەفەر، کە هێشتا کاری کردووە. لە میانی ئەو ماوەیەی تا گەیشتووە بە وێستگەکە، شایەتی باڵەخانە و خانووی سووتاو و لاشەی کەوتووی سەر شەقامەکان بووە، هەروەها زۆرێک لە پردەکانی شاری هیرۆشیما بەهۆی بۆمببارانەکەوە ڕووخابوون و دەبوو مرۆڤ بە مەلەکردن و بە ناو لاشەی سەرئاوکەوتوودا لە ڕووبارەکە بپەڕایەتەوە.

دوای گەیشتنی بە وێستەگەکە، سواری شەمەندەفەرێک بووە بەرەو شاری ناگازاکی، لە کاتێکدا ژن و منداڵەکەی بۆ بەیانیی ڕۆژی دواتر گەیشتوونەتە لای.لە دوای گەڕانەوەی بۆ ناگازاکی، یاماگوچی دەچێتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر و لەوێشەوە بۆسەر کار، سەرەڕای بارودۆخی سەختی، ڕاپۆرتێک دەخاتە بەردەم بەڕێوەبەرەکەی کە چی ڕوویداوە، بەڵام بەڕێوەبەرەکەی بڕوا بە چیرۆکەکەی ناکات و بە شێت تۆمەتباری دەکات و دەڵێت: چۆن یەک بۆمب شارێک بە تەواوی وێران دەکات؟بۆمبارانی ناگازاکیبەڕێوەبەرەکەی هێشتا قسەکانی تەواو نەکردووە کە ژوورەکە بە ڕووناکییەکی گەورە ڕووناک دەبێتەوە، یاماگوچی دەمودەست دەزانێت و خۆی دەخاتە سەر ئەرزەکە.دواتر یاماگوچی بە ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت-ی بەریتانی وتبوو، "پێموابوو کە هەورە قارچکئاساکە لە هیرۆشیماوە دوام کەوتبوو.

یاماگوچی دەستبەجێ بەرەو ماڵەوە ڕا دەکات تاکو بزانێت ژن و منداڵەکەی چییان لێ هاتووە، بەڵام ژنەکەی لەگەڵ کوڕەکەی بۆ کڕینی دەرمانی سووتاوی بۆ یاماگوچی چووبوونە دەرەوە، کاتێکیش کە بۆمبەکە تەقیوەتەوە هەردووکیان مردوون.

یاماگوچی وتوویەتی هیوادارە کە ئەزموونەکەی ببێتە وانەیەکی ئاشتی بۆ نەوەکانی داهاتوو.

مێژوویەکی ترسناکی تەقینەوەی ئەتۆملە ساڵی 2009، حکومەتی ژاپۆن یاماگوچی وەک ڕزگاربوونی بۆمببارانە ئەتۆمییەکانی ناگازاکی و هیرۆشیما تۆمار دەکەن.یاماگوچی لەو کاتەدا بە ڕۆژنامەوانانی وتووە، "من دووجار بەر تیشکدانەوەی بۆمبی ئەتۆمی کەوتووم. چیرۆکی من لە دوای مردنم، مێژووی ترسناکی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی بۆ نەوە لاوەکان دەگێڕێتەوە.

"شایانی بیرخستنەوەیە، لە هیرۆشیمادا 140 هەزار کەس و لە ناگازاکیدا 70 هەزار کەسی دیکە کوژران. هەروەها ژمارەیەکیش لە ڕزگاربووەکان دوای چەند ساڵێک تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون، ئەوەش بەهۆی تیشکدانەوەی بۆمبەکانەوە.

 

سەرپەیڤ