ئه‌یلوول 19, 2020 10:54 Asia/Tehran
  • ٣٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی برسێتیەوە لەژێر هەڕەشەی مردندان

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی داوایەکی لە ملیاردێرانی جیهان کرد، دەستی هاوکارییان درێژ بکەن بۆ رزگارکردنی ٣٠ ملیۆن مرۆڤ کە لە ئێستادا بەهۆی برسێتیەوە لەژێر هەڕەشەی مردندان.

دەیڤد بیزڵی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە وتەیەکیدا لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی داوای لە دەوڵەمەندانی جیهانکرد، "ئێستا کاتی ئەوەیە فریای مرۆڤایەتی بکەون و کۆمەکیان بکەن، جیهان پێویستی بە ئێوەیە، ئێستا کاتی ئەوەیە کارێکی دروست ئەنجامبدەن."

بیزڵی راشیگەیاند، "پێویستیمان بە ٤ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ یەک ساڵ لەپێناو دابینکردنی خۆراک بۆ ٣٠ ملیۆن مرۆڤ، کە ئەگەر کۆمەکیان لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی پێ نەگات لە برسا دەمرن."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەڕەشەیە بەهۆی جەنگەکان و ناکۆکییەکان و گۆڕانکاری کەش و هەوا و کۆرۆناوە دروستبووە."

باسی لەوەشکرد، "لە ئێستادا ٢٧٠ ملیۆن مرۆڤ لەسەرتاسەری جیهاندا بەدەست کەمخۆراکییەوە دەناڵێنن و توشی بەدخۆراکی توندبوون."

دەشڵێت، "ئومێد هەیە بتوانین ئەمساڵ ١٣٨ ملیۆن کەسیان رزگار بکەین و خۆراکی پێویستیان بۆ دابینبکەین."

لەبارەی ملیاردێرەکانەوە، داتاکان دەڵێن، لە ئێستادا نزیکەی ٢ هەزار ملیاردێر لە جیهاندا هەن و سامانەکەیان دەگاتە ٨ ترلیۆن دۆلار و ئەوەش، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆریان لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا چەندین ملیار دۆلار زیاتریان دەستکەوتووە.

لەسەرتای بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا جیف بیزۆس دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن نزیکەی ٣٦ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی دەست کەوتووە.

لەکاتێکدا مارکزوکەربێرگ خاوەنی کۆمپانیای فەیسبووک ٣٠ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی کۆمپانیاکەی بووە. سامانی یٔیلۆن ماسکی خاوەنی کۆمپانیای تێسلا ١٤ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلارە.

سەرپەیڤ